۱۳۹۶ اردیبهشت ۶, چهارشنبه

بۆ ئارامییەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان

جەمال نەجاری 
لە چەند رۆژی ڕابردوو دا هیوا جەمال پێشکەشکاری کاناڵی رووداو بابەتێکی بە ناو نیشانی “ئارامیی رۆژهەڵاتی كوردستان مەشێوێنن” بڵاوکردۆتەوە و زۆر بە کورتی و بەنیوەچڵی باس لە ئارامییەک لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکا کە زۆر بە گوێی ئێمەی رۆژهەڵاتی ئاشنایە! بەڵام ئێمە وەک هیوا جەمال هێندە بە پەرۆش نین بۆ ئارامییەکەی رۆژهەڵاتی نیشتمانمان و ڕەنگە غەدرێکی گەورەشمان لێکردبێ کە تاکوو ئێستا باسی ئەو ئارامییەمان نەکردووە و وتارمان لەسەر نەنووسیوە.
بەلام ئەو ئارامییە بۆ هێندە جێی بایەخە کە دەبێ من لێرەدا نە وەک وەڵامدانەوە بە بەرێز هیوا جەماڵ، بەڵکوو وەک هاوڵاتییەکی رۆژهەڵاتی، لەو ئارامییە بڕوانم و خاڵە شاراوەکانی پشت ئەو ئارامییە باس بکەم.

بەرێز هیوا جەمال لە دەسپێکی وتارەکەیدا باسی لە (نائارامییەکان)ی باکوور و باشوور و رۆژاوای کوردستانی کردووە و من لێرەدا هەوڵ نادەم هیچ بە نائارامییەکانی ئەو سێ بەشەی نیشتمان زیاد بکەم، تەنیا هەوڵ دەدەم تەرکیز بکەمە سەر ئارامییەکەی رۆژهەڵات و بابەتەکەم بەو ڕستەیەی هیوا جەمال دەست پێدەکەم کە دەڵێ:
 لەو چوار بەشەی كوردستان، تەنیا رۆژهەڵاتی كوردستان ئارامە
 بەڵێ رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر ئارامە و ئەو ئارامییەش لەسایەسەری داعشی شیعەوە یە، داعشی شیعە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی (جمهوری اسلامی ایران)ە. خەڵک بۆ بژیوی ژیانیان لەهەر دەرگایەک دەدەن، پارەپەیدا کردن ئەمرۆکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر زەحمەتە و بێگومان لەسایەی ئارامییەکەی رۆژهەلات! دەبینین کە بە هەزاران رۆژهەڵاتی ڕوویان لە شارەکانی باشووری کوردستان کردووە و بەم چەشنە زگی خۆیان و ماڵ و منداڵیان تێر دەکەن، بەشێکی دیکەیان ڕوویان لە سنوورەکان کردووە و وەک کۆڵبەر لەم دیو و ئەو دیوی سنووری دەسکرد لە هاتووچۆ دان و جار و بار هەواڵی کوژرانیان لە مێدیاکان بڵاو دەبێتەوە. هەر وەها لە سایەی ئارامییەکەی رۆژهەڵات بەشێک لە گەنجان ڕوویان لە تارانی پایتەخت کردووە بۆ ئەوەی لەوێ بژیوی ژیانیان دابین بکەن.
بەڵام ئەو ئارامییە بەرهەمی ئێستا نییە، بێگومان حکومەتی کۆماریی ئیسلامی ئێران هەر لەگەڵ هاتنە سەرکاری خۆی هەوڵیدا بەهەموو شێوەیەک ئارامییەکی بێ وێنە و تایبەت بۆ رۆژهەلاتی کوردستان دابین بکا، بۆ ئەوەی ئەو ئارامییەش وەدی بێنێ دەستی بە قەڵاچۆکردنی گوند و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد، چیرۆکی ئەو ئارامییە لە قەتڵوعامی خەڵکی گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان دەستی پێکرد، کە تیایدا پاسدارەکان بەزەییان بە منداڵی سەرلانگە و مەلای قورئان بەدەستی ئاواییش دا نەهاتەوە و گوللەبارانیان کردن، ئەمرۆ قاڕنێ ئارامترین گوندی رۆژهەڵاتی کوردستانە!
هەر لە درێژە خزمەتەکانی کۆماریی ئیسلامی لە رۆژهەڵات، لە رۆژێکدا 59 لاوی خوێن گەرمی  لە مەهاباد لەسێدارەدا، شەڕی کۆڵان بەکۆڵانی لە بۆکان وەرێخست و بەهەزاران کەسی سڤیل کوژران، حیزبەکانی رۆژهەڵات (کۆمەڵە و دیموکرات)ی لە شارەکانی کوردستان وەدەرنا و خومەینی فتوای جیهاد دژی گەلی کوردی دەرکرد و لە پاوە سوپای پاسداران خەڵکیان وەربەر ڕەگباری گوللە دا. کوشتنی کورد وەک ئاوخواردنەوە ئاسان بوو، مێژووی سنەی خوێناویمان لەبەرە، کۆچی جەماوەریی خەڵکی مەریوان بۆتە وێردی سەر زمانمان. گوند و شاری رۆژهەلات نەمابوو، رژیمی ئێران تاوانی دژەمرۆیی دەرحەق بە گەلی کورد ئەنجام نەدا، بەوەش نەوەستا، رێبەرانی جوڵانەوەی کورد لەو بەشەی نیشتمانی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی تیرۆر کرد، بەسەدان کادێر و پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەی لە باشووری کوردستان شەهید کرد. هەموو ئەمانە بۆ ئەوە بوو ئارامییەکی بێ وێنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان یان هەمان کوردستانی ئێرانەکەی خۆی وەدی بێنێ.
هەر بۆ ئەوەی ئەو ئارامییە لە رۆژهەڵات بچەسپێنێ، دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنییەکانی رژیم بە ئاشکرا دەستیان بە بڵاوکردنەوەی ماددەبێهۆشکەرەکان کرد، ئەنفالی سپی تا ڕادەیەکی زۆر توانی ئەو ئارامییەی رۆژهەلات گەرەنتی بکا.
گرتن و شکەنجەدان و بەندکردن و تەنانەت لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی کورد بۆتە شتێکی ئاسایی تەنیا بۆ ئەوەی ئارامییەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان تێکنەچێ.
دەیان رۆژنامەنووس و بەسەدان چالاکیی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێراندان، بەجۆرێک ئێران لە ناو ریزبەندیی وڵاتانی جیهان پلەی دووهەمی هەیە و بۆ ئەوەی ئێران ئەو پلە نایابە بەناوی خۆی تۆمار بکا، بێگومان پێویستی دەکرد نەک هەر لە رۆژهەلاتی کوردستان بەڵکوو لە سەرانسەری ئێران ئارامییەک دابین بکا.
بەڵێ ئارامییەک کە ئەمرۆ بۆتە بەڵای گیانی مرۆڤە ئازادیخوازەکانی ناوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەزاران کەس زێد و وڵاتی خۆیان جێهێشتووە تەنیا لە پێناوی ئەوەدا کە ئارامییەکەی رۆژهەڵات تێکنەچێ، حیزبەکان ناگەڕینەوە ناوخۆ بۆ ئەوەی ئەو ئارامییە نەشێوێ. خەڵک نایەنە سەرشەقام تەنیا بۆ ئەوەی ئەو ئارامییە بمێنێ!
رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمرۆ زیاتر لەهەموو کاتێک ئارامە، رۆژهەڵات خاوەنی یەک رۆژنامە نییە کە بەزمانی کوردی دەربجێت، خاوەنی ڕادیۆ و تیڤییەکی 24 کاتژمێری نییە کە بەزمانی کوردی بەرنامە بڵاو بکەنەوە! خوێندن بە زمانی دایک لە قوتابخانە و خوێندنگاکان و زانکۆکانی رۆژهەلات رێگای پێنادرێ! هەموو ئەمانە بەرهەمی ئەو ئارامییە کە کۆماریی ئیسلامی بۆ خەڵکی رۆژهەلاتی دابین کردووە.
کەمێک لەولاوەتر، لەو دیوی سنوورە دەسکردەکان، نووسەران و رووناکبیرانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی باشووری کوردستان، ستایش و مەدحی ئەو ئارامییەی رۆژهەلات دەکەن و لە رۆژنامەکانیاندا وتاری لەبارەوە دەنووسن و نەسیحەتی پارتەکانی رۆژهەڵات و حکومەتی ناوەند دەکەن هەوڵ بدەن ئەو ئارامییە بپارێزن!
لە ڕادیۆ و تیڤییەکاندا کۆدەبنەوە و دووقۆڵی و سێ قۆڵی و چوارقۆڵی باس لە ئارامییەکەی رۆژهەڵاتی ژێر دەسەڵاتی مەلاکانی تاران دەکەن و هیوا دەخوازن باشووریش ئەو ئارامییەی بەنەسیب بێ.
ئەمرۆ رۆژهەڵات لە هەموو کاتێک ئارامترە، بەڵام ئەو ئارامییەش رۆژێک کۆتایی پێ دێ …



هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر