۱۳۹۶ اردیبهشت ۶, چهارشنبه

رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان خەباتی سیاسی و خەباتی چەکداریدا...

ئامادەکردنی: جەمال نەجاری
لە یەک مانگی رابردوودا چەند سەرچاوەیەکەی رۆژنامەوانی باسیان لەوە کرد کە حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان خه‌باتی‌ چه‌كداری لە ئێران ده‌ستپێده‌كاته‌وە و راگەیەندراوێکی بە ناوی "کۆمیتەی ساخکەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان رێبەرایەتی شۆرشگێڕ" بڵاو کرایەوە، لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران خه‌ریكی‌ خۆ ته‌یاركردنه‌ به‌چه‌كی‌ قه‌ده‌غه‌كراو، به‌ڵام ئێستا له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا له‌سه‌ردامێكدا ده‌ژین كه‌ تادێت ژماره‌ی‌ دیكتاتۆره‌كان كه‌م ده‌بێته‌وه‌. ئاشكراشیده‌كات بۆ رزگاری بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌شێوه‌ی رێکخستن خه‌باتی چه‌کداری ده‌ستپێده‌کاته‌وه".
پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشتر رایانگەیاندووە ئەگەر دەرفەتی گونجاو بێتە پێش ئەوا خەباتی چەکداری دەست پێدەکەنەوە، ئەوان قۆناخی ئێستا بۆ چالاکی چەکداری بە گونجاو نازانن، لەو باوەرەشدان کە حکومەتی ئێران دەرفەتی چالاکی مەدەنی و جەماوەری بەرتەسک کردوە 
گۆڤاری چەم سەبارەت بەم مژارە ڕای چەند چالاکوانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستانی وەرگرتووە؛


ئاریتما موحەمەدی نووسەر و چالاکی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەیە؛" خەباتی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ بەرخۆدانی مەدەنی وەک ئەوەی باشوور و باکوور یان هەر لە کام لە پارچەکانیتری کوردستان، نە کوردستان هیندوستانە و نە بریتانیای گەورە ئێران، تورکیە، عێراق و سوریەن وە نە ئێمەش گاندیمان هەیە، کەواتا دەبێت خۆمان لە جۆرە بیر کردنەوانە دوور بخەینەوە کە پێیان وایە تەنیا بە ڕێگای خەباتی مەدەنی دەتوانین بە ئامانجی گەورە بگەین. "
ئاریتما موحەمەدی دەڵێت: "خەباتی چەکداری بەرهەمهێنراوی کورد نییە، بەڵکو ئەو جۆرە لە تێکۆشان و خەبات لە زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی دوونیا تاقی کراوەتەوە، کاتێک ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ ناتوانێت پرسەکان چارەسەر بکات، کەس بێ دەنگ ڕاناوەستێت، یان کاتێک خەباتی مەدەنی وڵام ناداتەوە و کەس گوێی لێ ناگرێت، ناکرێت کە ژێر دەستی بە جارەنووسی خۆت بگۆڕیتەوە، ئێمەش وەک نەتەوەیەکی ژێر دەست، کاتێک کە دەزانین لەم وڵاتانە دیموکراتی نییە و گەلی کورد وەک نەیاری خۆیان چاو لێ دەکەن، ناتوانین ڕاوەستین تاکوو کەلتوور، زمان، دابو نەریتمان ئاسیمیلە بکەن، خەباتی چەکداری وەک کەرستەی مانەوە و دەنگدانەوە دەبێت بەکار بهێنرێت، خەباتی چەکداری تەنیا ڕێگایەکە بۆ ئەوە کە دەرفەتی خەباتی مەدەنی پێک بێت. " ناوبراو وتیشی: " ڕەخنەیە کە بەشیک لە ڕۆشنبیرانی کورد لێمان دەگرن لە ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە بۆ خەباتی مەدەنی ناکەن، بۆ خەباتی چەکداری دەکەن، ئەو ڕەخنەیە هەمان ئامانجی داگیرکەرییە کە دەڵێت دەست هەڵگرتن لە خەباتی چەکداری بەواتای ئەوە دێت کە تۆ ژێر دەستیت وەک چارە نوسی خۆت داناوە ئیتر دەرفەتی باش بۆ دووژمن پێک دێت کە لە باری کەلتووریەوە بەتەواوەتی نەتەوەکەت لە ناو ببات. "
پێشمه‌رگه‌یه‌کی حیزبی دێموکراتی کوردستان که‌ نه‌یویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ گۆڤاری (چەم) ئاشکرای کرد له‌ ئێستادا سەرقاڵی ئەوەین پرۆژه‌یه‌ک پێشکه‌ش به‌ سه‌رکردایه‌تی حیزب بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌کداری ده‌رببڕێت، ئەو پێشمەرگەیە پێی وایە نەبوونی خەباتی چەکداری حیزبی دیموکراتی کردووە بە حیزبێکی کەمپ نشین و بەشی هەرە زۆری ئەو لاوانەی لە رۆژهەڵاتەوە روو لە حیزبی دیموکرات دەکەن، بەهۆی نەبوونی خەباتی چەکداری پاش ماوەیەک ریزەکانی ئەو حیزبە جێدێڵن.

رامبود لوتفپووری کە لە ئێستادا ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە تایبەت بە چەم رایگەیاند: "وڵامی ئەم پرسیارە وەک خۆم دەدەمەوە نە وەک ئەندامی سەرکردایەتی حیزب، بۆیە وڵامەکەم تەنیا تەعبیر لە بۆچوونی تاکەکەسی خۆمە. بە کورتی بڵێم، بەڵێ من بە پێویستی دەزانم و پێشم وایە خەباتی چەکداری لە هەلومەرجی ئێستای ئێران و کوردستاندا کە لە ژێر دەسەڵاتی رژیمێکی نادیمۆکراتیک و تۆتالیتێری وەک کۆماری ئیسلامیدایە یەکێک لە شێوازە سەرەکییەکانی خەباتە. بە تایبەت لە کاتێکدا کە هەموو دەرەتانەکانی خەباتی مەدەنی داخرابێتن، تەنیا رێگا بۆ پاراستنی مان و شوناسی خۆمان و وەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانمان هانا بردن بۆ خەباتی چەکدارییە. "
لوتفپوری وتیشی: "بێگومان هەموو مرۆڤێکی تێگەیشتوو پێی خۆشە بە کەمترین تێچوو و لە رێگایەکی زۆر هێمن و دیمۆکراتیکەوە مافەکانی دابین و دەستەبەر بکات. بەڵام ئەگەر دوژمن ئەو مافانەی بە فەرمی نەناسێ و بە زمانی رەقی سەرکوت و کوشت و بڕ وڵامی دایەوە، چارە چیە؟ یا دەبێ واز لە ماف و ئازادییەکانت بێنی یا تۆش دەست بەریتە چەک و بەرگری لە خۆت بکەی. لە لیبی و سوریاشدا خەڵک هێمنانە و مەدەنییانە داواکانی خۆیان هێنایە ئاراوە، بەڵام وڵامی حکومەتەکانیان چ بوو؟ سەرکوت و خوێن رشتن. بۆیە خەڵکیش دەرئەنجام دەستیان بۆ چەک برد. لە هەلومەرجی ئێستای ئێراندا رەنگە کورد بە خەباتی چەکداری نەتوانێ کۆماری ئیسلامی بڕوخێنێ و سەر بکەوێ، بەڵام لانیکەم پێش بە روخان و فەوتانی خۆی دەگرێ. "
 بەڵام ئارام ئیبراهیم خاس چالاکی سیاسی رەخنە لە حیزبەکانی رۆژهەلاتی کوردستان دەگرێت کە هەوڵی ئەوەیان نەداوە خۆیان یەکلایی بکەنەوە کە ئاخۆ خەباتی چەکدارییان لەبەرنامەدایە یا نا. دەلێت: لە دوای شەهیدبوونی رێبەرانی دیموکرات قاسملوو و شەرەفکەندی هەژاریی سیاسی باڵی بەسەر رێبەرایەتی هەر دوولای دیموکراتدا کێشاوە. تەواوی ئەو چالاکییانەی وەک جەولەی چەکداری لە 96 بەولاوە ئەنجامدراوە وەک کەرەسەی تەبلیغاتی بەرێوە چووە، لە پاش لەتبوونی حزیبیش چوونەوەکان بۆ ناوخۆ لە قاڵبێکی رەقابەتی نێوان هەر دوولادا بەرێوە چووە. بۆیە پێم وایە دیموکراتەکان بروایان بە خەباتی چەکداری نییە چونکە بەرنامەی ئەم شێوە خەباتە لە نێوان دیموکراتەکان و کۆمەڵەکان بەدی ناکرێ. ئەوان دەیانتوانی ‌هێزێکی چەکداری سێبەریان دروستکردبا، بەڵام ئەوەشیان نەکرد. بەشی هەرە زۆری حیزبەکانی رۆژهەڵات لە ژێر کاریگەری دوو پارتی دەسەڵاتداری باشوور دان و سەربەخۆیی سیاسی خۆیان لەدەست داوە.
ئیبراهیم خاس وتیشی: هیچ کام لە حیزبە کوردییەکان خاوەنی هێز نین، نەبوونی خەباتی چەکداری بەواتای نەبوونی هێز دێت. کۆماری ئیسلامی بۆیە ئاوڕ لە پرسی کورد لە ئێران ناداتەوە چونکە حیزبەکان پرەنسیپی خەباتی جەکدارییان تێدا نییە. حیزبەکان چاوەرێی هێرشی دەرەکین بۆسەر ئێران، هیچ بەرنامەیەکی دیکەیان نییە لە ئێستادا. بەلام دیموکراتەکان و کۆمەڵەکان دەتوانن کێشەکانیان وەلانێن و لە دەوری بەرەیەکی کوردستان کۆ ببنەوە و هێزێکی چەکداری هاوبەش پێک بێنن بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی وەک هێزی کوردی سەیریان بکات. ئەگەر ئەمڕۆ هاودەنگییەک دروست نەبێ و نێو ماڵی کورد یەک نەخرێتەوە، سبەی کورد لە دوای کۆماری ئیسلامی قسەی بۆ گوتن پێ نابێت.

 لە ژمارە 7 گۆڤاری چەم چاپکراوە

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر