۱۳۹۴ فروردین ۲۳, یکشنبه

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ نسکۆ و دابڕان و ئێستای حدک و حدکا

جەمال نەجاری
کتێبی (نسکۆ و دابڕان) م خوێندەوە، ئەوەی کە دەبوو بگوترێ گوترا، کاک مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حدکا بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو و بە پشتنبەستن بە قسەکانی ئەندامانی رێبەریی ئێستای حدک لە راگەیاندنەکان و هێنناوەی قسەکانی مامۆستا حەسەنزادە لە کتێبی (ئەزموونی خەبات) باس لە ئینشعابی دوای کۆنگرەی 13 دەکات. ئەوەی کە بۆ من لەو کتێبەدا دەرکەوت ئەوە بوو کە بە درێژایی 3 دەورە کە مامۆستا حەسەنزادە سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات بووە، کۆنگرەکانی 10 و 11 و 12 و لە کۆنگرەی 13شدا کە کاک مستەفا دەبێتە سکرتێر، جۆرێک لە ململانێ لە نێوان حەسەنزادە و هیجریدا هەبووە، لە هەموو قونا‌غەکاندا سکرتێر دەیەوێ خاوەن گوتاری زاڵ بێ لە ناو حیزبدا. بەو پێیەی مامۆستا سێ دەورە سکرتێری گشتیی حیزب بووە و لە کۆنگرەی 13 دا چیتر ناتوانێ وەک کەسی یەکەمی ئەو حیزبە بمێنێتەوە، بۆیە کاک مستەفا پێی وایە کە ئەو ئینشعابە لەسەر دەستی مامۆستا روویداوە، وەک خودی کاک مستەفا دەڵێ ئێمە کەمایەتی سەردەمی سکرتێری مامۆستا هەرگیز بیرمان لە جیابوونەوە لە حیزب نەکرد و لەگەڵ هەموو کێشەکان هەنگاومان نا بەڵام ئەوان قبووڵی ئێمەیان نەکرد و جیابوونەوە، جیابوونەوەیەک کە مامۆستا لە (ئەزموونی خەبات) دا بە بزووتنەوە ناوی دەبا و کاک مستەفاش لە نسکۆ و دابڕاندا و بە دەیان جار بە تەوسەوە مامۆستا حەسەنزادە بە (رەمزی بزوتنەوە) ناو دەبات لە بەرانبەر وشەی بزوتنەوەدا وشەی سەرشۆڕی بەکار دێنێ