۱۳۹۴ فروردین ۲۳, یکشنبه

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ نسکۆ و دابڕان و ئێستای حدک و حدکا

جەمال نەجاری
کتێبی (نسکۆ و دابڕان) م خوێندەوە، ئەوەی کە دەبوو بگوترێ گوترا، کاک مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حدکا بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو و بە پشتنبەستن بە قسەکانی ئەندامانی رێبەریی ئێستای حدک لە راگەیاندنەکان و هێنناوەی قسەکانی مامۆستا حەسەنزادە لە کتێبی (ئەزموونی خەبات) باس لە ئینشعابی دوای کۆنگرەی 13 دەکات. ئەوەی کە بۆ من لەو کتێبەدا دەرکەوت ئەوە بوو کە بە درێژایی 3 دەورە کە مامۆستا حەسەنزادە سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات بووە، کۆنگرەکانی 10 و 11 و 12 و لە کۆنگرەی 13شدا کە کاک مستەفا دەبێتە سکرتێر، جۆرێک لە ململانێ لە نێوان حەسەنزادە و هیجریدا هەبووە، لە هەموو قونا‌غەکاندا سکرتێر دەیەوێ خاوەن گوتاری زاڵ بێ لە ناو حیزبدا. بەو پێیەی مامۆستا سێ دەورە سکرتێری گشتیی حیزب بووە و لە کۆنگرەی 13 دا چیتر ناتوانێ وەک کەسی یەکەمی ئەو حیزبە بمێنێتەوە، بۆیە کاک مستەفا پێی وایە کە ئەو ئینشعابە لەسەر دەستی مامۆستا روویداوە، وەک خودی کاک مستەفا دەڵێ ئێمە کەمایەتی سەردەمی سکرتێری مامۆستا هەرگیز بیرمان لە جیابوونەوە لە حیزب نەکرد و لەگەڵ هەموو کێشەکان هەنگاومان نا بەڵام ئەوان قبووڵی ئێمەیان نەکرد و جیابوونەوە، جیابوونەوەیەک کە مامۆستا لە (ئەزموونی خەبات) دا بە بزووتنەوە ناوی دەبا و کاک مستەفاش لە نسکۆ و دابڕاندا و بە دەیان جار بە تەوسەوە مامۆستا حەسەنزادە بە (رەمزی بزوتنەوە) ناو دەبات لە بەرانبەر وشەی بزوتنەوەدا وشەی سەرشۆڕی بەکار دێنێ


من نامەوێ بچمە ناو وردەکارییەکانی ئەو کتێبە و ناشمەوێ لایەنگری لە قسەکانی کاک مستەفا بکەم بەڵام بە خوێندنەوەی خۆم پێم وایە کێشەی نێوان مامۆستا و کاک مستەفا هۆی سەرەکی ئەو ئینشعابە بووە و کاک مستەفاش لە کتێبی نسکۆ دابڕان دا دەیەوی وەڵامی هەندێ قسەی مامۆستا لە کتێبی ئەزموونی خەباتدا بداتەوە. ئەو ململانێیە هێندە قوڵ و بەرین بۆتە کە هەر دووک لا هەستیان بەوە کردووە و یەکتری تۆمەتبار دەکەن
ماوەیەک بوو گوتاری یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان تا دەهات بەهێز دەبوو و خەڵکێکی زۆر پشتیوانیان لەو گوتارە دەکرد، دیموکراتەکان لێک نزیک ببوونەوە، بەڵام (نسکۆ و دابڕان) ئاوێکی ساردی بە پرۆسەی یەکگرتنەوەدا کرد، رێبەرانی حدکا خوازیاری گەڕانەوەی لایەنی حدک بۆ ناو ریزەکانی حدکان و دەیانەوێ لەسەر پەیرەو پرۆگرامی کۆنگرەی 13 یەک بگرنەوە، بەڵام لایەنی حدک دەیەوێ وەک دوو لایەنی حیزب کە جیاوازی بیر و ڕا هەیە لە نێوانیاندا یەک بگرنەوە. 8 ساڵ بەسەر جیابوونەوە حدک لە حدکا تێپەڕی و دوو لایەن بە ناوی حیزبی دیموکراتەوە کاری سیاسی دەکەن. دەتوانم بڵێم هەر دوو لا لە یەک ئاستدان، جیاوازییەکان و ململانێیەکان هەر درێژەیان هەیە، پرۆسەی یەکگرتنەوە بە بوونی ئەو ململانێ شەخسییانە ناچێتە پێش. من چاوەڕوانییەکی ئەوتۆم لە رێبەریی حدکا نییە کە گۆڕان پێک بێنن چونکە دەزانم لەسەر چ ئەساسێک کار دەکەن و دە ساڵی دیکەش بە عەقڵییەتی ئەمرۆ حیزب بەرێوە دەبەن. نموونەی تەلەفزیۆنی تیشک کە بە عەقڵییەتی رۆژنامەی کوردستان کە دوو حەوتوو جارێک لە ناو حیزب دەردەچوو بەرێوە دەبردرا و ئاکامەکەشی ئەوە بوو کە پارەیەکی زۆریان بۆ سەرف کرد و دواجار داخرا. ئەوەندەی ئاگام لە وردەکارییەکانی داخرانی تیشک هەیە کە چیتر لە پاریس وەشان ناکا و ئەگەریش بیەوێ دەست بەکار بێتەوە دەگەرێتەوە کۆیە و شتێک دەبێ لە شێوەی کوردکاناڵ
بەڵام من هیوام دەخواست ئەو لایەنەی لە حدکا جیابوونەوە و ناوی حدک یان لەسەر خۆیان نا، ئەمڕۆ خاوەنی گوتارێکی کوردستانی با و وەک حیزبێکی سیاسی سەربەخۆ لەگەڵ رووداوەکان هەڵسوکەوتی کردبا و لانیکەم لە ماوەی ئەو 8 ساڵەدا گۆڕانی گەورەی بەدیهێنابا و لە پرسە سیاسییەکان پێشقەدەم با. بەڵام مەخابن نەک سەرکەوتوو نەبوو بگرە دەیەوێ لەگەڵ لایەنی بەرانبەری کە دانی پێدا نانێ یەکبگرێتەوە! بەقەولی یەکێک لە ئەندامانی ئەو حیزبە گوتاری کوردستانی و ئازادیی ڕادەربڕین کە حدک پێداگری لەسەر دەکرا لە کوێدا خۆی دەبینێتەوە و بۆچی نەیتوانی سەرکەوتوو بێ!
بۆیە بە باوەری من لە دوای چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی (نسکۆ و دابڕان) ئەو قسەی کاک خالید عەزیزی -هەڵبەت لەسەر قسەکانی ئەویش لە کوردکاناڵ سەبارەت بە یەکگرتنەوە قسەی خۆم هەیە- هاوڕام کە یەکگرتنەوە لەو قۆناغەی ئێستادا بە بۆنبەست گەیشتووە و بە هیچ ئاکامێک ناگا
دەبێ بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا بگەرێین؛ لە کوێوە دەست پێ بکەین؟

دانلۆدی کتێبی نسکۆ و دابڕان PDF

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر