۱۳۹۶ اردیبهشت ۶, چهارشنبه

جەمال نەجاری: هەموو هێز و لایەنەکان دەبێ بیر لە قۆناغی پێکەوە کارکردن بکەنەوە



راپۆرتێک لە پێوەندی بە بەشداری کردنی پارتە کەلاسیکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٩٠مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری تورکیە لە باشووری کورستان!
سەربەستی: ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزانی ٢٧١٣ی کوردی بەشێک لە پارتەکانی کۆمەڵەو دیموکرات بەشداریان لە ٩٠مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری تورکیە لە باشووری کوردستان کرد. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئەو پارتانە لە بڵاو کراوەکانی خۆیاندا بڵاویان کردووەتەوە، لە لایەن کونسولی کۆماری تورکیە لە باشووری کوردستان بە شێوەی فەرمی بانگهێشتی ئەو ڕێوڕەسمە کراون کە بە مەبەستی جێژن گرتن لە یادی دامەزرانی کۆماری ئەو وڵاتە بەڕێوە چووە. ئەو پارتانەش هەلەکەیان قۆستەوە و بە حەز و پەرۆشەوە خولیای بەشداری کردنی ڕێوڕەسمەکە بوون و دەیان وێنەی سرنج ڕاکێشیان لە بەشداری کردنی ڕێوڕەسمەکە بڵاو کردووەتەوە.
مانگنامەی سەربەستی بە مەبەستی شرۆڤە کردنی ئەو پرس و باسانە کە لەو پێوەندییەدا هاتوونەتە گۆڕێ، وتووێژێکی کورتی لە گەڵ بەڕێز جەمال نەجاڕی ڕۆژنامەنوس و چالاکی سیاسیی کورد دانیشتووی دەرەوەی وڵات پێک هێنا.


* چۆن بوو کە کۆماری تورکیە ئەو پارتە کوردییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بۆ ئەو ڕێوڕەسمە بانگهێشت کرد؟
جەمال نەجاری: ئەو لایەنانەی کە بۆ رێورەسمەکە بانگهێشت کراون لە مێدیا رەسمییەکانی خۆیان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەسەر بانگهێشتی فەرمی کۆنسوڵی گشتیی تورکیە بەشدارییان کردووە، هەڵبەت روون نییە ئەو لایەنانەی رۆژهەڵات کە بەشدار بوون، بە پێی چ بنەما و چ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ تورکیە لە یادی دامەزراندنی کۆماری تورکیە بەشدار بوون. ئەوەی کە روونە لایەنەکانی رۆژهەڵات نەدەبوایە بەشدارییان لە یادی دامەزرانی کۆمارێکدا دەکرێتەوە کە ساڵیانی ساڵە نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان دەچەوسێنێتەوە و دان بە مافی نەتەوایەتی گەلی کورد دانانێت.
* ئایا تورکیە بەو قەناعەتە گەییشتووە کە ئەو پارتانە و بەرنامەکەیان لەداهاتوودا نابنە کێشە بۆ ئەو وڵاتە؟
جەمال نەجاری: دەبێ یەک شت لەبیر نەکەین ئەویش سنووری چالاکی پارتەکانی رۆژهەڵات، باکووری کوردستان نییە، بۆیە هەرگیز پارتەکانی رۆژهەڵات بۆ تورکیە نابنە کیشە و گرفت. من ئاستی پەیوەندییەکان تەنیا لە نێوان نوێنەرایەتی حیزبەکان و کونسوڵگەری تورکیا کورت دەکەمەوە، ئەویش رەنگە هەر بۆ ئەوەی بتوانن سەردانی تورکیا بکەن و لەوێوە سەردانی ئوروپا بکەن، پەیوەندی حیزبەکانی رۆژهەڵات لەگەڵ کۆماری تورکیا لە ئاستێکی بەریندا نابینم.
*لە کاتێکدا کە ئەو پارتانە ڕەخنەیان لە حوکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت کە پێوەندی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، چۆن بوو کە ئەو ڕەخنەیە ڕووبەڕووی خۆیان ناکەنەوە؟ لەکاتێکدا سەدان هاوڵاتیی کورد لەباکووری کوردستان لەبەندیخانەکاندا ڕاگیراون! هەرچەند دەبێت هەنووکە ئەوە لە بەرچاو بگرن کە حوکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک وڵاتێکی سەربەخۆ لەناوچەکەدا ڕۆڵی ئەرێنی دەبینێت و پێویستە کە پێوەندی لەگەڵ دراوسێکانیدا هەبێت، هەرچەند ئەو پێوەندییانەش بێ ڕەخنە نین و دەبێت بەرژەوەندی نەتەوەیی لەپارچەکانی دیکە لەبەرچاو بگرن، بەڵام ئەوان وەک پارتگەلێکی بێدەسەڵات و دانیشتووی تاراوگە لەگەڵ وڵاتێکی کوردکوژی وەک تورکییە پێوەندی دەگرن و ڕۆژی دابەشکردنی کوردستان جێژن دەگرن؟ بەڕێزتان ئەو پێوەندییە لە گەڵ یەکێ لە نەیارە هەرە مێژووییەکانی کورد(تورکیە) چۆن دەبینن و بۆ دەبەستن؟
جەمال نەجاری: هەر وەک پێشتریش باسم کرد بوونی وەها پەیوەندییەک لە نێوان پارتەکانی رۆژهەڵات و دەوڵەتی تورکیا بە باش نازانم، وەها پەیوەندییەک هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پەیوەندی (پ ی د) لەگەڵ دەوڵەتی ئێران نییە! هەموو ئەو پەیوەندییانە بە زەرەرەی کورد تەواو دەبێت و هیچ قازانجێکی بۆ بەرژەوەندی گشتی نابێت. بێگومان رووبەرووی رەخنە دەبنەوە، لە قۆناغی ئێستادا تەنیا حکومەتی هەرێم وەک تاکە دەسەڵاتی کورد لە باشووری کوردستان دەتوانێ پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی خۆی هەبێ.
 *وەک ئاگادارن کە دوو بەش لەکۆمەڵەو دیموکراتەکان لە ڕۆژانی ٣و٤ی مانگی ئاگووستی ئەمساڵ لە کونگرەی “مەشروتەخوزەکانی ئێران” لە ژیر ئالا و سروودی “ئەی مەرزێ پڕ گەوهەر” بەشداریان کرد و هەستانە سەرپێ و چەپڵەیان بۆ لێدا، پێشەوای کورد قازمی مەحەممەد لە ژێر ئەو ئاڵاو سروودەدا لەدار دراوە، بەڕێزتان بەشداری ئەو حیزبانە لەو شێوە کۆنفرانس و کونگرانە چۆن دەبینیت؟ هەروەک ئاگادارن کە ئەو بەشە لەو کەسایەتییە ئێرانییانە باوەڕیان بەئازادی و مافی نەتەوەیی کورد نییە.
جەمال نەجاری: بەلێ ئەمەش یەکی دیکە لەو کەموکووڕییانەیە کە بەداخەوە پارت و لایەنەکانی رۆژهەڵات هەیانە و خۆیان بە گفتگۆی سیاسی نێوان کورد و لایەنە ئێرانییەکان ناوی دەبەن! شک لەوە دا نییە کە ئەو لایەنە ئێرانییانەی لە ژێر ئاڵای شەهەنشای دادەنیشن قەت دان بە مافی رەوای گەلی کورد دانانێن و بگرە زۆرجار لە مێدیاکانی خۆیان بێرێزی بە کورد و سەرکردەکانیشیان دەکەن. بەشداری لایەنەکانی کۆمەڵە و دیموکرات لە وەها کۆبوونەوەیەک دیسان هیچ قازانجێکی بۆ ئەوان و خەباتی رەوای گەلی کورد نییە، لە بنەڕەتدا ئەوان ناتوانن لە وەها دانیشتنێک کە لایەنی باڵادەست پێکیهێناوە باس لە ماف و خواستەکانی گەلی کورد بکەن. من ئەمجۆرە بەشدارییکردنانە بە باش نازانم و هیوادارم کۆمەڵە و دیموکرات لە جیاتی بەشداری لە وەها کۆبوونەوەیەک بیر لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی کوردستانی بکەنەوە کە هەموو لایەنە کوردییەکانی رۆژهەڵات تیایدا بەشدار بن.
*خۆدەر خستنی ئەو پارتانە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی داگیرکەرانی کوردستان چۆن دەبینی؟ لەکاتێکدا کە ڕۆڵەکانی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدار دەرێن و بەند دەکرێن.
جەمال نەجاری: هەر وەک گوتم ئەوە ئاکامەکەی بە چاوی خۆمان دەبینین، پۆل پۆل لاوانی کورد لەسێدارە دەدرێن و ئێمە واز لە هاوپەیمانی و دۆستایەتی نەتەوەی باڵادەست ناهێنین کە هەڵگری گوتاری یەک وڵاتی و یەک زمانی و یەک نەتەوەییە، لە کاتێدا ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و تیایدا زمانگەل و کولتوورگەلی جۆراجۆر بوونیان هەیە، بەڵام نەتەوەی فارس وەک نەتەوەی باڵادەست ئامادە نییە دان بەو راستییە دابنێت. مەخابن بەشێک لە کوردەکان لە ناو پارت و لایەنە سیاسییەکانیش نەخوازراوانە خەریکن خزمەتی ئەو عەقڵییەتە دەکەن.
*پارتە کەلاسیکەکان خوازیاری ئەوە بوون کە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بکەونە گفتوگۆ بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگا چارەی سیاسیی بۆ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەو پێوەندییەشدا لەڕێگای میدیا ئازادەوە داواکارییان پێشکەش بەڕژیم کرد، ئەو هەوڵانە چۆن دەبینیت؟ ئایا بە درووستی دەزانیت کە ئەو هەوڵانە لەم قۆناغەدا بنرێن لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران لاوانی کورد لەسێدارە دەدات و بەندیان دەکات؟
جەمال نەجاری: بەداخەوە ئەو لایەنە سیاسییەکانی لە ئێستادا بانگەشەی گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەکەن دەتوانم بە ڕاشکاوی بڵێم کە ماهییەتی کۆماری ئیسلامییان بەباشی نەناسیوە، هەندێ لایەن ناخواستە لەکاتی هەڵبژاردن پشتیوانییان لە حەسەن روحانی کرد و لە مێدیاکانی خۆیان ناراستەخۆ داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە دەنگ بە روحانی بدەن، ئەوان وایان بیر دەکردەوە کە رەنگە سەردەمی خاتەمی دووبارە بێتەوە و بتوانن بە دیالۆگ و گفتوگۆ باس لە مەسەلەی کورد لەگەڵ دەسەڵاتی تاران بکەن، بەڵام بینیمان دەوڵەتی روحانی زیاتر لە هەموو سەردەمێک پەنای بۆ کوشتنی چالاکانی سیاسی لە ئێران بردووە و لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا زیاتر لە 250 کەس لە سەرانسەری ئێران لەسێدارە دراون. کە وابوو باس کردن لە دیالۆگ لەگەڵ رژیمێک کە لە پێیەکانی لەسەر کوشتنی ئازادیخوازان بونیادنراوە، بێ سوود و بێ کەڵکە و پتر بۆ بێدەسەڵاتی خۆیان وەک هێزی و لایەنی کوردی دەگرێتەوە، نەبوونی یەک گوتاری نێوان هێز و لایەنە کوردییەکان وا دەکات هەر کەس لای خۆیەوە بڕیار بدات و رەوشی کورد ئەوە دەبێ کە ئێستا هەیە، پرش و بڵاوی لایەنە سیاسییەکان لە دەرەوە و پەرەسەندنی گرتن و کوشتن و لەسێدارەدانی چالاکانیی سیاسی لە ناوخۆ.
*تا چەند داوای وتووێژ کردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قەیرانی بێبەرنامەیی ڕزگار دەکات؟
جەمال نەجاری: لە پرسیاری پیشوودا باسم لەوە کرد بیدەسەڵاتی بەهۆی نەبوونی بێ بەرنامەیییەوە دروست دەبێ، هەر حیزبەی خۆی بە دەمڕاستی خەڵک دەزانێ خۆی بە نوێنەری گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێ، خۆی بە تاکە بڕیاردەری سیاسی دەزانێت، هەموو ئەمانە راستەوخۆ لە بێ بەرنامەیی خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت. بە ڕای من قۆناغی ئێستا قۆناغی پێکەوە کارکردنی هێز و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەلاتی کوردستانە، تا ئەم قۆناغە سەر نەگرێت نابێ دڵ بە وتوووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی خۆش بکەین. هاودەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەتوانێ سەرەتای دروستبوونی بەرنامە و کاری سیاسی بێ. ئەگەر هەموو لایەنەکان یان زۆربەی لایەنەکان پێداگر بن لەسەر دیالۆگ ئەو کات دەکرێ خوێندنەوەیەکی جیاوازی بۆ بکەین، بەلام لە ئێستادا باسکردنی دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە لایەن یەک دوو لایەن ئاکامێکی ئەوتۆی نابێت.
*هۆکاری ئەوە کە پارتە کەلاسیکەکان پتر کارو خەباتی سیاسی خۆیان بۆ پرسە گشتییەکانی ئێران تەرخان دەکەن بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
جەمال نەجاری: ئەمەش دیسان هەر بۆ ئەوە دەگرێتەوە کە لایەنە سیاسییەکانی وەک کۆمەڵە و دیموکرات پتر لەوەی بیر لە دروستبوونی هاودەنگییەکی کوردستانی بکەنەوە خەریکن خۆیان لەگەڵ گۆتاری ئێرانی رێک دەخەن. ئەوان خۆشحاڵن بەوەی کە لە کۆڕ و کۆبوونەوەی هێزە ئێرانییەکان بانگهێشت دەکرێن، خۆیان لە وەک نوێنەرانی گەلی کورد دەردەخەن، لەکاتێکدا لە بیریان دەچێتەوە کە هێز و لایەنی دیکەش هەن کە بۆ وەدیهاتنی مافی رەوای گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان خەبات دەکەن. ئەوان خۆیان لە راستییەکانی کۆمەڵگەی خۆیان دەدزنەوە و خۆیان بە پرسی دیکەوە سەرقاڵ کردووە.
*لەم دۆخ و هەلومەرجە نالەبارەدا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پێدا تێبەڕ دەبێت، چی پلانێک بەگونجاو دەزانیت بۆ دەربازبوون لەو دۆخە ئاڵۆزە؟
جەمال نەجاری: بە باوەڕی من قۆناغی ئێستا قۆناغی پێکەوە کارکردنی هێز و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەگەر ناتوانن بەرەیەکی کوردستانی پێک بینن، خۆ دەتوانن پێکەوە لەسەر پرسەکانی کۆمەڵگەی رۆژهەڵات هاوخەبات و هاوکار بن، قۆناغی پێکەوە کارکردنی لایەنە سیاسییەکان دەتوانێ دەسپێکێکی باشیش بێ بۆ دروستبوونی بەرەی کوردستانی لە داهاتوودا. هەموو هێز و لایەنەکان دەبێ بیر لە قۆناغی پێکەوە کارکردن بکەنەوە.
* هۆکاری ئەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەم دۆخەدا لاوان و چالاکانی سیاسیی و مەدەنی کورد لەسێدارە دەدات بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟
جەمال نەجاری: کۆماری ئیسلامی دەیەوێ لەم رێگەوە دەنگی نارەزایی چالاکانی ناوخۆ کپ بکا و بەهەموو شێوەیەک خەڵک چاوترسین بکا کە روو لە خەباتی سیاسی و مەدەنی نەکەن، کۆماری ئیسلامی بڕوای بە دیالۆگ و دانووستان لەگەڵ نەتەوە بندەستەکان نییە و بە لەسێدارەدانی چالاکانی کورد و عەرەب و بلووچ دەیەوێ ئەو ناوچانە میلیاریزەتر بکات، خۆی ماهییەتی کۆماری ئیسلامی و مانەوەی ئەو رژیمە لەسەر کورسی دەسەڵات بەوە بەندە کە بەردەوام  بێت لە گرتن و کوشتن و ئەشکەنجە و ئێعدام. هەموو ئەمانە بە ناوی شەرع و بە ناوی ئایینی ئیسلامی ئەنجام دەدات. کۆماری ئیسلامی نموونەی بەچاوی ئیسلامی سیاسییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پەنا بۆ کوشتنی هاوڵاتییانی خۆی دەبات تەنیا لە پێناو مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا.
* هۆکاری ئەوە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەم داواکارییەکانی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ناچێت بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟
جەمال نەجاری: دوورکەوتنەوەی حیزب ولایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات لە کۆمەلگەی خۆیان بووە هۆی درووستبوونی بۆشاییەکی سیاسی لەم بەشەی کوردستاندا. دوا بە دوا ئینشعاب و لێکترازانەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان خەڵک نائومیدانە سەیری خەباتی سیاسی حیزبەکانیان کردووە و نائومێدییەکی سیاسی لە ناو کۆمەڵگەی رۆژهەڵات بەدی دەکرێ. نەبوونی هاوکاری و هاودەنگی و نەبوونی گوتاری کوردستانی لە دەرەوەی رۆژهەڵات کاریگەری راستەوخۆی لەسەر چین و توێژەکانی ناوخۆ کردووە کە لە ئاست پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە ناچاری بێدەنگ بن. نەبوونی مێدیایەکی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان کە بڵندگۆی خەلکی رۆژهەڵات بێ یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەیە کە خەڵک لەو بێدەنگییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکدا قەتیس بمێنن.
هەر کاتێک هاودەنگی و هاوخەباتی لە نیوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروست بوو، هەر کاتێک یەک گوتاری سیاسی ئاراستەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێ، بێ شک خەڵکیش بەدەم داواکارییەکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەچن.
سەرچاوە: سەربەستی


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر