۱۳۹۶ اردیبهشت ۶, چهارشنبه

ره‌سووڵ سوڵتانی: پوورم له‌ سایه‌ی هه‌جوی منه‌وه‌ مه‌شهوور بوو بۆیه‌ ده‌بێ مه‌منوونم بێ

جه‌مال نه‌جاری: ئه‌ده‌بی کلاسیکی کوردی ئه‌ده‌بێکی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و شاعیرانی کورد به‌ رابردوو و ئێستاشه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و به‌شانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ ئه‌ده‌به‌وه‌ هه‌یه‌ تاقیکردۆته‌وه‌ و له‌و نێوه‌دا ئه‌ده‌بێکی به‌ پیت و به‌ره‌که‌ت له‌به‌رده‌سته‌ که‌ ده‌توانین شانازی پێوه‌ بکه‌ین. به‌ڵام له‌ نێو ئه‌و ئه‌ده‌به‌ دا هه‌جو له‌ چ ئاستێکدایه‌؟ ره‌نگه‌ شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی له‌ نێو هه‌موو شاعیرانی کورد دا پتر له‌م به‌شه‌ به‌تواناتر و به‌کارامه‌تر بووبێ که‌ ناوی وا که‌وتۆته‌ سه‌ر زاران‌، ئه‌گه‌رچی هه‌موو ئه‌و شاعیرانه‌ی شیعری کلاسیکیان نووسیوه توانای نووسینی هه‌جویان هه‌بووه‌ و نموونه‌یان دیاره‌، به‌ڵام ره‌نگبێ له‌به‌ر هۆکاریگه‌لی جۆراوجۆر درێژه‌یان پێ نه‌دابێ و خه‌ڵکی گوته‌نی: وه‌ک ئه‌وه‌ی شێخ ره‌زا کردی، ئه‌وان نه‌یانکردبێ!!
ئه‌مێستا له‌ سه‌رده‌می مودێرنیته‌ و زانست و راگه‌یاندندا له‌ نێو ئاڵۆزی سیاسه‌ت و بازاری ئابووری و کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، جارێکیتر له‌ سه‌ر لاپه‌ره‌کانی فه‌یس بووک چاومان به‌ هه‌ندێ هه‌جوی کوردی ده‌که‌وێ که‌ به‌ زمانێکی ئه‌ده‌بی نووسراون و بزه‌ و خه‌نده‌ و خۆشی ده‌خه‌نه‌ سه‌ر لێوان و له‌ هه‌مان کاتیشدا له‌به‌ر شه‌رم وعه‌یبه‌ی دونیایه‌، تاڵییه‌ک و ترسێک له‌لامان درووست ده‌بێ..

ره‌سووڵ سووڵتانی شاعیری لاو که‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ هه‌جوه‌ چاپ نه‌کراوه‌کانی لێره‌ و له‌وێ له‌سه‌ر زاری خه‌ڵکه‌ و هه‌جوه‌کانی رازێنه‌ره‌وه‌ی کوڕی هاوڕێیانێتی و ماوه‌ی سالێکه‌ وێبلاگێکی به‌ناوی "گون ته‌ماته‌" کردۆته‌وه‌ و هه‌جوه‌کانی تێدا بڵاو ده‌کاته‌وه‌ و له‌هه‌مان کاتدا لاپه‌ڕه‌ی فه‌یس بووکه‌که‌ی ته‌رخانکردووه‌ به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌جوانه.‌ ئەوەی خواره‌وه‌ دیمانەیه‌که‌ له‌گه‌ڵ ره‌سوول سوڵتانی کە تاهیر قاسمی لە گەڵی پێک هێناوە.


حەزدەکەم لە سەرەتا دا باسێک سەبارەت بە هەجو بکەی، هەجو چییە؟
هەجو لە راستیدا وشەیەکی عەرەبییە و بە واتای جوێندان و خراپەگوتنی کەسێک یان کەسانێکە. لە ناو عارەب و فارسدا پێشینەیەکی دوورودرێژی هەیە. شاعیرانی کلاسیکی فارس هەندێکیان نەبێ، بەشی هەرە زۆریان هەجوی جوان و شاعیرانەیان زۆر نووسیوە. بەو پێیە هەجو جنێوێکی شاعیرانەیە. هەروەها هەجو پەنجە لەسەر هەستیارترین لایەنەکانی ژیانی بەرامبەرەکەی دادەنێ و بە گشتی لە هیچ شتێ ناپرینگێتەوە.

هەجو زیاتر جنێوە یان شێعر؟
لە راستیدا ئەوەی لە ئەولەوییەت دایە لە هەجودا جنێوەکەیە. دواتر بە کەرەستەی شێعر دەڕازێنرێتەوە. خۆی ئەو کەرەستە شێعرییەیە وا لە هەجو دەکات ئەگەر خەڵک خوێندییانەوە کەیفیان بێتێ و پێبکەنن. چونکە خۆی لە شێعردا بڕێک لادان هەیە لە زمانی ئاسایی قسەکردنی رۆژانە. ئیغراق و موبالەغە و وردەکاریی زۆری تێدایە. بۆ وێنە "مامۆستا نوێنەرگێ" لە هەجوەکەی "مەلای یەکشەوە"دا کە دێ جوێن بە مەلاژن بدا، ئاماژە بە شتێکی زۆر هەستیار دەکا. ئەویش ئەوەیە کە مەلا ناهێڵن مەلاژن ئارایشت بکەن و سووراو و سپیاو بکەن و لێویان سوور بکەن. جا لێرەدا شاعیرە هەجو نوسەکەی ئێمە ئەوەی هێناوە کردوویەتە کەرەستەیەک بۆ هەجوەکەی و هۆکاری ئەوەی بۆچی "ناوەوەی کوزی مەلاژن سوورە" دەڵێ:
نایەڵی لێو و دەمی سوور کا مەلا
بۆیە کوزی ناوەتە سووراوەوە
کە خوێنەر ئەوە دەخوێنێتەوە بە دەستە خۆی نییە دەبێ لە قاقای پێکەنینێ بدات. لێرەدا ئیدی توخمە شێعرییەکان و سەنعەتە شیعرییەکان وەپێش جوێن دەکەون.
یان کاتێ خۆم لە هەجوی ئەو بەڕێزەدا بە ناوی شادمان حەیدەریان کە جنێوی پێ دەدەم بۆ ئەوەی هەموو کەس و کاریم وەبەر دابێ و له‌ هه‌مانکاتدا درێژدادڕیم نه‌کردبێ جوێن بە مێروولەی قەڵەشتی دیواری ماڵەکەیان و چۆلەکەی سەربانی ماڵی خاڵوانیشی دەدەم و دەڵێم:
لە مێروولەی قەڵەشت دیواری ماڵی
تەنانەت چۆلەکەی سەربانی خاڵی...
کەوابوو دیارە هەجو بە جنێو دەست پێدەکا بەڵام زمانی شاعیرانە وای لێدەکا لە جنێوێکی ئاسایی بچنە دەرەوە و ببنە شەوچەرەی مەجلیسان

هەجوی مەلای یەکشەوە هی تۆیە؟

ناوەڵا زۆر زۆر بەداخم ئەو هەجوە جوانە هی من نیە. برادەرێکی خۆم کە لە شێعردا مامۆستامە هی ئەوە و ناکرێ ناوی بێنم، من بەخێری خۆم و بۆ دەوڵەمەندکردنی وێبلاگەکەم بۆم بڵاو کردووەتەوە.

هەجو بوارێکە کە لە دێر زەمانەوە بە دەگمەن شاعیران توانیویانە و وێراویانە خۆی لێ بدەن. بەڵام چەند ساڵێکە هەجوەکانی تۆم بەرگوێ کەتووە و خوێندۆتەوە. یەکەم هەجوت بۆ نووسی و بە گشتی چۆن دەستت بە شێعری هەجو کرد؟
حەز دەکەم بزانی کە جنێو خۆی لە بنەمادا نیشانەی بێ دەسەڵاتییە. چەکی دەستەوەستانییە. خۆی شاعیریش لاشەڕە و لە شەڕیشدا لەهەموو کەس بێ دەسەڵاتترە. بۆیە دەستی داوەتە ئەو چەکە. ئەمنیش خۆی یەکەمجار لە رقێکەوە دەستم پێ کرد. کاک رەحمانی نامجو نوێنەری خەڵکی بۆکان بوو لە مەجلیسی شورای ئیسلامی. بڕوات بێ ئەوەندەی لە فکری تریاک کێشان و خانم بازی دا بوو ئەوەندەی خەمی خۆی بوو خەمی کەسی نەبوو. دیارە لەوەیاندا لەگەڵ بەشی هەرەزۆری بەناو نوێنەرە کوردەکانی ئەوێ هاوبەش بوو. جا ئەمن رۆژێکیان بە ناوێکی خوازراوەوە هەجویم کرد. (نوێنه‌ری جێ رێزی ئێسته‌ی شاری بۆکان نامجووه....)
دواتر لەگەڵ پوورم لێم بوو بە شەڕ. پێشم وایە جوانترین و ناسکترین هەجوەکانمم بۆ پوورم نووسیوە. حەقی خۆشییەتی وەڵاهی وەباڵ بەستۆم پوورم هەر خۆی ناسک و لەبارە. ئیدی فێر بووم و ئێستاش هەرچی دەکەم دەرەقەت زمانم نایەم و دەشزانم سەرم بەبادا دەدا. چونکە وەک دووپشکم لێ هاتووە. ئەگەر کەسم وەگیر نەکەوێ بەخۆمەوە دەدەم. هەر بەحاڵ بمبزێون هەجو و شتی وام هەڵدەستێ.

قەت بووە لە سەر هەجوی کەسێک شەڕت بۆ ساز بووبێ؟

نا، له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ک:
یه‌که‌م: ئه‌وانه‌ی زۆر توند هه‌جوم کردوون زۆربه‌یان ئه‌و که‌سانه‌ بوون که‌ خۆیان به‌ ناوی خوازراو شتیان نووسیوه و رقیان هه‌ستاندووم و وایان لێکردوومه‌ هه‌جویان بکه‌م‌ و له‌راستیشدا هه‌جوه‌که‌ی منیش بۆ خۆده‌رخستن و خۆ ئاشکراکردنیان بووه‌ (وه‌ک کاک شادمان حه‌یده‌ریان و کاک رێبوار سه‌فه‌ری و فه‌رزادی مینبه‌ری و سه‌لاحی ئه‌حمه‌دی) ئه‌وانه‌ خۆیان ئاشکرا نه‌کردووه‌ به‌تایبه‌تی زۆرم حه‌ز لێ‌یه‌ کاک شادمان خۆی ئاشکرا بکات چونکه‌ ئه‌وکات کۆد و ره‌مزی باشترم وه‌ده‌ست ده‌که‌وێ بۆ هه‌جوێکی باشتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر و ئه‌گه‌ر پیاو بێ و ئه‌و پیاوه‌تییه‌ بکا خۆی ئاشکرا بکا قه‌ولی پێ ده‌ده‌م تا ئاخری عومرم هه‌موو هه‌جوه‌کانم بۆ ئه‌و ته‌رخان ده‌که‌م و کارم به‌که‌س نابێ. به‌ڵێن بێ دیوانه‌ هه‌جوێکی له‌سه‌ ده‌نووسم.
هۆیه‌کی دیکه‌ش که‌ تووشی کێشه‌ نه‌بووم ئه‌وه‌یه‌ به‌شێکیشیان دۆست و براده‌ری خۆمن و دڵیان نایه‌ هیچم پێ بڵێن. به‌شێکیشیان ده‌ستیان پێم راناگا ده‌نا تۆڵه‌م لێ ده‌که‌نه‌وه‌. به‌س ئه‌وان بشمکوژن گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌جوه‌که‌ دوای منیش هه‌ر ده‌مێنێ.
بۆ وێنه‌ له‌ دۆسته‌کانی خۆم هه‌جوی کاک سمایل زارعیم کردوه‌ و رووی لێ گرژ نه‌کردووم. هه‌جوی مادح ئه‌حمه‌دیم کردووه‌ هه‌روه‌تر... ئه‌وانه‌ به‌ گه‌وره‌یی خۆیان به‌خشیویانم. به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و هه‌جوانه‌ له‌ وێبلاگه‌که‌ی دا هه‌ن. با خوێنه‌ران بچن له‌وێدا بیانخوێننه‌وه‌. گه‌ردنیشیان ئازاد بێ چ ده‌ڵێن با بیڵێن.

‫‫ ئەی بووە بە هەجو وڵامت بدەنەوە؟
به‌ڵێ کاک کامیل نه‌جاڕێ هه‌جوێکی زۆر زۆر به‌هێزی له‌ وه‌ڵامئ هه‌جوێکی مندا نووسیوه‌ته‌وه‌ به‌راستی ئه‌وه‌نده‌م پێ جوان بوو به‌س پێکه‌نیم. به‌و زووانه‌ له‌سه‌ر وێبلاگه‌که‌می داده‌نێم. هه‌م هه‌جوه‌که‌ی خۆم و هه‌میش هه‌جوه‌که‌ی ئه‌و. به‌س به‌راستی هه‌جوه‌که‌ی ئه‌و زۆر جوانه‌. ئه‌وه‌ی حه‌سه‌نی دانیشفه‌ریش که‌ خۆی تایبه‌ت جوانه‌. به‌ڵام هه‌جوه‌که‌ی کامیل که‌یفم پێی کرد.

تۆ بە هەجو رەنگە زۆرت خەڵک توڕە کردبێ، بووە هەجوت بکەن و توڕە بی؟
شه‌وێکیان له‌ کۆیه‌ تا به‌یانی ئه‌و کات من له‌وێ بووم و کامیل (خۆرهه‌ڵات نیوزی) به‌ڕێوه‌ ده‌برد، هه‌تا به‌یانی شه‌ڕه‌ هه‌جومان کرد. ئاخرییه‌که‌ی کامیل که‌ فشاری بۆ هات جنێوی به‌ هاوڕێیه‌کی زۆر خۆشه‌ویستم دا (زۆر ئازیزمه‌) ده‌یزانی به‌و زۆر تووڕه‌ ده‌بم (ناوی ناهێنم) چونکه‌ کەسێکی زۆر بەڕێزە، ئیدی ناچار بووم بێده‌نگ بم. چونکه‌ ئه‌و هاوڕێیه‌مم زۆر خۆش ده‌وێ، بۆیه‌ش ناوی ناهێنم چونکه‌ ئه‌ویش کامیلی خۆش ده‌وێ با دڵی له‌ کامیل نه‌یه‌شێ.

لە بابەت هەجوەکانی پوورت، باس لەوە دەکرێ کە دەرەنجامی پێک نەگەیشتنێکی دڵدارانەیە، هەڵبەت نەک لە گەڵ پوورت. واتە دەڵێن پوورت بە باعیسی ئەو پێک نەگەیشتنە دەزانی
بۆیە هەجوت کردووە. ئەوە تا چەند راستە؟
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، شەڕێکی خراپیشیان پێ فرۆشتم و دواتر لە دادگای میاندواو شتەکەیان لێ کردمە شتێکی سیاسی و لەگەڵ مێردەکەی گوتیان ویستوویەتی کچەکەمان بەرێ بۆ دیموکرات. نەشیاندەهێشت کچەکەیان بێتە دادگا. بەڵام من دەستخۆشانەی پێ دەڵێم کە ئەو نەبوایە نەدەبوومە هەججاو. بەڵام ئەویش دەبێ مەمنوونی من بێ مەشهوورم کردووە وای لێ هاتووە ئێستا ئه‌و له‌ گوندێکی چۆمی مه‌جیدخان دانیشتووه‌ به‌ڵام ئێوه‌ له‌ ئه‌وروپاش ده‌یناسن و ناوبانگیتان بیستووه‌. ئه‌وه‌ له‌ سایه‌ی هەجوی منه‌وه‌یه‌.
سه‌یر بوو خاڵم که‌ بیستبووی پێکه‌نیبوو. کامیل بۆی خوێندبۆوه‌. هه‌مووی له‌ وێبلاگه‌که‌مدا هه‌ن.

بە راستی مەمنوونی ئەوی یان ئیستا دۆخی ژیانت گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ناچاری وا بڵێی؟
من باسی باری ژیانم ناکەم. من دەڵێم ئەو وای لێکردم متمانەم بە زمانی هەجونووسینم هەبێ. من دوای هەجوەکەی نوێنەری شاری بۆکان وازم هێنابوو. بەڵام کە بۆ پوورمم نووسی زانیم بەراستی توانام هەیە لەوبارەدا. ئەمن لە هیچ کام لەو هەجوانەی نووسیومن پەشیمان نیم. تەنانەت ئەوانەش کە بۆ نزیکترین خزم و برادەری خۆمم نووسیون. تەنیا لەوانەم پەشیمانم کە زۆر سادەن و نەمتوانیوە بە زمانێکی شاعیرانە بیانهۆنمەوە. دیسان دەڵێم ئەوە هەمووی لەسایەی سەری پوورمەوەیە. لەبیرمە لە سنەوە دەگەڕاینەوە بۆ بۆکان. من و جەمال نەجاری و جەوادی حەیدەری بووین. لە فیستیڤاڵێکی شیعرەوە دەگەڕاینەوە. لە رێگا هەروا بیرم لە پوورم دەکردەوە. کتوپڕ وەک ئاوی بیر کە هەڵدەقوڵێ ئەو شێعرە هات:"
کیرێکی دڕ و بێ ئەدەبم پێوەیە پوورێ...
هاوارم کرد کاک جەمال خێرا خودکارێکم بدەیە تا هەڵنەفڕیوە. یادی بەخێر

ئیشارەت بە هەجوی نوێنەری بۆکان کرد کە دەکرێ وەک هەجوی سیاسی یان هەجوی کەسێک کە لە سیاسەت دایە، چاوی لێ بکرێ. بە گشتی تا چەند هەجوت بۆ مەبەستی سیاسی بە کار بردووە؟
زۆر زۆر! بۆ وێنە هەجوی کابرایەکم کرد بە ناوی سەلاحی ئەحمەدی کە لە نامەیەکی فارسیدا گوتبووی (ئاژاوەگێڕییەکانی نێو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران خەتای پیر و پاتاڵەکانە و خەتی خوار لە بن سەری گای پیر دایە) هەجوی برادەرێک بەناوی رێبوار سەفەری (دیارە ئەو ناوانە هەموویان ناوی خوازراو بوون) کە دوای لەتبوونی حیزب شتێکی لەسەر ئێمە نووسیبوو. وەک لادەر ناوی هێنابووین. لەوێشدا دەڵێم:
"عەهدی وەها کردووە تا سەر بدا
تۆ بڵێی گانێکی بە لادەر بدا)
هەجوی کەسێک بە نازناوی فەرزادی مینبەری کە لەوێشدا پێی دەڵێم:
(تیشکی خۆری رێی خەباتن شێرە پیاوانی نیەر
دڵنیام تۆ خزمی ئەو شێرانە نیت، نەسلی کەری)
من رقم لە هەرکەس هەستابێ هەجوم کردووە. نەیکەم دەمرم. هەر کەسیش چیی پێ خۆشە با بیڵێ. ترسم لەکەس نییە. لە شەڕی زماندا لەکەس ناترسم. باکم پێیان نییە.

بەر لەوەی هەجو بنووسی، تا چەند ئاشنایەتیت لە گەڵ ئەو شاعیرانەی کورد هەبوو کە شێعری هەجویان نووسیوە؟
تەنیا شێخ رەزام خوێندبۆوە. بەس فارسیم زۆر دەخوێندەوە. فارس هەجونووسی باشیان هەیە.

جگە لە شێخ رەزا، کام شاعیری دیکە لە ناو ئەدەبیاتی کوردیدا هەیە کە هەجوی هەبووبێ؟
هەبوون. بۆ وێنە شوکری فەزڵی لە وەڵامی شێخ رەزادا شێعرەکانی زۆر دەوڵەمەندترن لە هی شێخ رەزا. لەموکریان بەداخەوە زۆر نەناسراوە و شتەکانی هەر بەسەر زار و زمانانەوە ماون، دەنا ئەو سەید رەشیدەی خانەقا کە شتەکانی دەبیستی شتێکی زۆر سەیر بووە. مامۆستا هێمن هەجوی هەیە و بلاو نەبۆتەوە. هیوادارم مامۆستا ع.ح لەبیری نەچووبنەوە چونکە وەک بزانم هەجوێکی جوانی هێمنی لەبەر بوو. مامۆستا هێدی هەجوی جوانی هەیە و بڵاوی نەکردوونەتەوە. بە داخەوە رەنگە کەسانی دیکەش بووبێتن و من نەیانناسم. بەڵام لەو شاعیرە نوێیانەدا هەجو نووسی باش و بەتوانامان هەیە. ناکرێ ناویان بێنم. نەکا حەزیان لێ نەبێ. ئەوانەی هەن لە رۆژهەڵاتی کوردستانن. لە باشووریش حەسەنی دانشفەر جوان دەنوسێ. کامیل نەجاڕی خۆی لێ نادا ئەو کافرە، دەنا شتێکی سەیرە. ئەوەی هەیە منم خۆم ئاشکرا کردووە. پێم وایە ئەجەلم هاتووە.

 لە بواری شێعری تەنزیش دا کارت کردووە؟
زۆر بە کەمی. حەزم لێ بووە تەنزەکانم بە نەسر (پەخشان) بنووسم. وەک هێلکەمریشکەکانی بن قازی ئێمە کە لەسەر کێشی (هێڵە گشتییەکانی رێبازی ئێمە) نووسیم. دواتر تەنزی (بوختان)ـم نووسی تەنزی (قەلی نێو جۆگە) و (دادپەروەر) و شتی دیکەش. ئەوانەم بۆ ئەو کەسانە نووسی کە پێم خۆش نەبوو جنێویان پێ بدەم. پێم باش بوو وەبەر پلاریان بدەم. هەجو نەقیزەیە، تەنز پلارە.

لە سەردەمێک دا کە باوی غەزەل نەماوە و شێعرە هەر رۆژە و لە شێوازێکی تازەدا خۆی دەنوێنێ، غەزەل لە تۆ دەبیسین. روانگەت بە گشتی لە سەر جۆرەکانی شێعر چۆنە؟
با شاعیرە نوێخوازەکان تەکفیرم بکەن. فۆرمی نوێ بۆ شێعری کوردی غەزەلە نەک ئەوەی سوارە و گۆران دایانهێنا. کورد لە شاعیرانی فارسەوە فێری عەروز و قافیە بوو. کەوابوو شێعری ئەو قاڵبە نوێیە. فۆرمی ئەوەی گۆران و سوارە لە حەیران و بەیتەکاندا هەر لە کۆنەوە هەبووە. ئەوان سەرلەنوێ دایانهێنایەوە. زیندوویان کردەوە. ئەوجار کێ دەڵێ باوی غەزەل نەماوە؟ ئەوە پەیوەندیی بە دەسەڵاتی شاعیرەوە هەیە. ئێستا جەلالی نەجاڕی غەزەلێکی نووسیوە لە ئەدەبیاتی کوردیدا نموونەی نەبووە. کۆن و نوێ بە عەروزی و ناعەرووزی ناپێورێ. بەڵکو ئەوە داهێنانە دیاریی دەکا.
من پێم وایە غەزەلی کوردی هیچی نەگوتووە هەتا بڵێین شتی پێ نەماوە بۆ گوتن. هێشتا غەزەلمان ساوایە. زۆریش ساوایە.
بەڵام ئەوەی هەیە دەبێ توخمەکانی غەزەلی ئەمڕۆ لە سەردەمی هێمن و ئەحمەد هەردی جیاواز بن. راستە ئەمڕۆ باسی پیاڵەی شەراب و شەمع و گوڵ و پەروانە شتێکی کۆنن. خۆی ئەوە بنەماییترین هەوێنی شێعرە. داهێنان و خوڵقاندن.
هەر سەردەمەی زمانی خۆی هەیە بۆ نووسین. لەوانەیە ئەوەی ئەمڕۆ وەک "خوازەیەکی داهێنەرانە سەیری بکرێ و خوێنەر و بیسەر راچڵەکێنێ دووای دەیەیەکی دیکە بسوێ و کۆن بێ. هەر شاعیرەو دەبێ لە ناخی خۆی و لە رۆچنەی روانینی خۆیەوە بنووسێ. ئێمە نابێ ئێستاش کەڵًک لەس ئیستیعارە و وێکچواندنەکانی شاعیرانی پێشوو وەرگرین.
بەلای منەوە غەزەلی کوردی هێشتا ساوایە. ئەو برادەرانەی پێیان وایە غەزەل باوی نەماوە، با بێن کۆڕێکی شیعر خوێندنەوەیان لەگەڵ غەزەلنووسێکی داهێنەری وەک ئەمین گەردیگلانی بۆ پێک دێنین و با نەشڵێن رەشۆک حەزیان لە عەرووز و قافیەیە، بەشداربوانیش با هەر هەموویان دەرچووی بەشی ئەدەبیاتی کوردی بن. بزانین خەڵک چێژ لە کامیان وەردەگرن. بەرای من کۆن و نوێبوونی شێعر ئەو چێژە دیاریی دەکا کە خوێنەر و بیسەر لێی وەردەگرن. ئەوە پێوانەی منە بۆ شێعر.

بە پێی وتەکانی تۆ دەکرێ بڵێین بە پێچەوانەی ئەو هەوڵانەی کە بە تایبەت لە دەیەی حەفتای هەتاوی، دەیەی نەوەدی زایینی زۆریان پەرە گرت، ئیستا شاعیرانی کورد بە جۆرێک گەراونەتەوە سەر ئەو رێبازە شێعرییەی کە شاعیرانێکی وەک نالی، مەحوی، حەریق، هێمن و هەژار بە کاریان دێنا و دەکرێ بڵێین دوا سەنگەری ئەو رێبازەش لە لایەن مامۆستا هێدی‌یەوە پارێزراوە. تا چەند لە گەڵ ئەو بۆچوونە هاوڕای؟
نا شاعیران نەگەڕاونەتەوە سەر ئەو رێبازە. خۆی شاعیران بە راستی وازیان لەو رێبازە نەهێنا. بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان. لە باشوور دوای ئەحمەد هەردی ئەو شێوازە لە نووسین بڕایەوە. بەڵام لە رۆژهەڵات مامۆستا هێدی هەر ماوە و دواتریش لە نەوەی نوێ مامۆستا ئاسۆ و ئەمین گەردیگلانی و لوقمانی پیربادینی و جەلالی نەجاڕی و هادیی حەبیبی بەردەوامن و ئەمنیش هەر وا بە شوێنیاندا دەڕۆم نازانم چم پێ کراوە یان نا. ئەوەی راستی بێ، شاعیرانی نوێخوازی کوردی هەر لەسەر رێچکەی نوێخوازیی خۆیان و شاعیرانی پاش نوێخوازیشمان بەو دوایانە هەرکامەیان رێچکەی سەیر و سەمەرەی دیکەشیان تاقی کردەوە و پێیان وایە ئیدی باوی ئەوە نەماوە شیعر بۆ خەڵکی نەخوێندەوار بڵێی و پێیان وایە ئەگەر خەڵکی ئاسایی لە شێعرێک تێ گەیشتن ئەوە ئیدی شێعر نییە و شێعر باشترینه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌س لێی تێنه‌گا، دواتریش که‌ خه‌ڵک کتێبه‌که‌یان ناکڕن یان نایخوێننه‌وه‌ گله‌یی ده‌که‌ن و خه‌ڵک به‌ گه‌مژه‌ ناو ده‌به‌ن و ده‌ڵێة قه‌یناکا ئێمه‌ بۆ نه‌وه‌ی 2000ساڵی داهاتوومان نووسیون. ئەوەش بۆچوونێکی تایبەتە. نازانم لە کوێی دیکەش شتی وا هەیە. لە نێو ئەدیبی چ میللەتێکی دیکەشدا شتی وا هەیە. من هەر فارسی دەزانم. ئەوەندەی ئاگادار بم باشترین و گەورەترین شاعیرانی فارس بە کۆن و نوێیانەوە ئەوانەن کە ئەگەر نەڵێم هەموو کەس لانیکەم زۆرینەی خەڵکەکەیان چێژ بە شێعرەکانیان وەردەگرن. تەنانەت ئەو شاملووەی کە پێیان وایە تەنیا شیعری بۆ "خواص" نووسیوە، زۆرینەی خەڵکی چیژی لێ وەردەگرن.
ئەمن دەڵێم غەزەل هێشتا قسەی بۆ گوتن پێیە. ئەمن ناڵێم ئەو هەوڵەی دراوە خراپ بووە یان نەزۆک بووە. نەخێر بەرهەمی زۆر گەورە و نەمری وەک دەربەندی پەپوولەی شێرکۆ و کۆبەرهەمە نەمرەکەی عەبدوڵا پەشێو و قوبادی جەلیزادە و جەمال غەمباری لێ کەوتووەتەوە. ئەوەی راستی بێ بەرهەمی باشی داوەتەوە. بەڵام ئەوەی لێی چاوەڕوانکراوە نەبووە. دیوانە شێعرەکانی شاعیرانی نوێخواز زۆر دەگمەنیان لەوانەن کە خوێنەر پێی خۆش بێ دووجار و سێ جار سەردانیان بکاتەوە.

وەک دوا پرسیار تۆ لە زۆر بواری شێعریی دا کار دەکەیت و هیندەی من بزانم هەجو، غەزەل، شێعری بەرگری و تەنانەت شێعر لە سەر وەزنی خۆماڵی و رەنگە بوارگەلی تریش شان بە شانی یەکتر لە کارەکانی تۆ دا رەنگیان هەیە و دەچنە پێش. پێت وا نییە ئەگەر لە ناو هەموان دا یەک بواری تایبەتت گرتبا بەر، سەرکەوتووتر دەبووی؟
نا، ئێستاش پێم وانییه‌ هیچ کامیان وزه‌ی بواره‌که‌ی دیکه‌ی لێ وه‌رگرتبێمه‌وه‌. ئه‌وانه‌ هه‌رکام له‌ لایه‌که‌وه‌ که‌لێنێک پڕ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌ویتر پێی پڕ ناکرێته‌وه‌. بۆ وێنه‌ شتی حه‌ماسی به‌ فۆرمی غه‌زه‌ل خۆش نییه‌ به‌ کێشی خۆماڵی خۆشتره‌ وه‌ک شێعره‌که‌ی مزگێنی که‌ تێیدا باسی ئازایه‌تیی پێشمه‌رگه‌کانم کردووه‌ غه‌زه‌ل به‌س خودا دایناوه‌ بۆ باس و مه‌زموونی ئه‌ڤینداری.
غه‌زه‌ل پیر نابێ.


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر