جەمال نەجاری
هەر وەک لە بەشی سێزدەیەمدا پێم گوتی: ئەو پیاوە
بۆ متمانە نابێ، تۆ بەقسەت نەکردم. لە بیرمە لە بەشی پێنجەمدا بۆ یەکەمجار کە لە
سەنتەری شار بینیت، ژمارە موبایلەکەت دایە، دواتر لە بەشی نۆیەم، لە ماڵی ئەوین،
شەوێک تاکوو بەیانی پێکەوە بوون، تۆ دواتر زانیت کە لە بەشی دوازدەهەمدا ئەوین خۆی
نەسووتاندووە بەڵکوو براکانی سووتاندوویانە.
هەمیشە خۆت بە تاوانبار دەزانی و دەتگوت: ئەگەر
من نەبووایەم ئەوین وای بەسەر نەدەهات.
ئەو ژنەی لە بەشی هەشتەم نامەی بۆ ناردم
خۆشەویستم نەبوو، ئەو نووسەرێک بوو کە لە رێی نووسراوەکانی منەوە، بەدوامدا
گەڕابوو، دواجار ناونیشانەکەمی دۆزیبۆوە، لە بەشی چواردەیەمدا بەیانییەک پۆستچییەک
لە دەرگای ماڵەوەمانی دا، خوشکم دەرگای کردبۆوە و کاتێ بینیبووی نامەکە بۆ منە، لە
سەر مێزی ژوورەکەمی دانابوو، من ئەو شەوە لە بەشی چواردەیەمدا بە هۆی برینداربوونم
لە رووداوەکەی بەشی دە دا لە نەخۆشخانە کەوتبووم، لە بەشی پازدەیەمدا کاتێ لەگەڵ
خۆشکم هاتنە سەردانم لە نەخۆشخانە، نامەکەت بە کراوەیی دایە دەستم و گوتت: ها
ئەمەش نامەی دەستگیرانەکەت! من بەر لەوەی نامەکەم بۆ گرنگ بێ، ئەو هەڵسوکەوتەی تۆ
سەرنجی ڕاکێشام، هەر لەو بەشەدا خۆشکم سەری لە کاری تۆ سووڕمابوو کاتێ تۆ نامەکەت
لە سەر مێزی ژوورەکەم بینیبوو و بە بێ ئەوەی ئیزن لە من یان لە ئەو بخوازی نامەکەت
کردبۆوە و بەر لە من ناوەرۆکەکەیت خوێندبۆوە!