۱۳۹۶ اردیبهشت ۱۲, سه‌شنبه

(بەشی کۆتایی)


جەمال نەجاری
هەر وەک لە بەشی سێزدەیەمدا پێم گوتی: ئەو پیاوە بۆ متمانە نابێ، تۆ بەقسەت نەکردم. لە بیرمە لە بەشی پێنجەمدا بۆ یەکەمجار کە لە سەنتەری شار بینیت، ژمارە موبایلەکەت دایە، دواتر لە بەشی نۆیەم، لە ماڵی ئەوین، شەوێک تاکوو بەیانی پێکەوە بوون، تۆ دواتر زانیت کە لە بەشی دوازدەهەمدا ئەوین خۆی نەسووتاندووە بەڵکوو براکانی سووتاندوویانە.
هەمیشە خۆت بە تاوانبار دەزانی و دەتگوت: ئەگەر من نەبووایەم ئەوین وای بەسەر نەدەهات.
ئەو ژنەی لە بەشی هەشتەم نامەی بۆ ناردم خۆشەویستم نەبوو، ئەو نووسەرێک بوو کە لە رێی نووسراوەکانی منەوە، بەدوامدا گەڕابوو، دواجار ناونیشانەکەمی دۆزیبۆوە، لە بەشی چواردەیەمدا بەیانییەک پۆستچییەک لە دەرگای ماڵەوەمانی دا، خوشکم دەرگای کردبۆوە و کاتێ بینیبووی نامەکە بۆ منە، لە سەر مێزی ژوورەکەمی دانابوو، من ئەو شەوە لە بەشی چواردەیەمدا بە هۆی برینداربوونم لە رووداوەکەی بەشی دە دا لە نەخۆشخانە کەوتبووم، لە بەشی پازدەیەمدا کاتێ لەگەڵ خۆشکم هاتنە سەردانم لە نەخۆشخانە، نامەکەت بە کراوەیی دایە دەستم و گوتت: ها ئەمەش نامەی دەستگیرانەکەت! من بەر لەوەی نامەکەم بۆ گرنگ بێ، ئەو هەڵسوکەوتەی تۆ سەرنجی ڕاکێشام، هەر لەو بەشەدا خۆشکم سەری لە کاری تۆ سووڕمابوو کاتێ تۆ نامەکەت لە سەر مێزی ژوورەکەم بینیبوو و بە بێ ئەوەی ئیزن لە من یان لە ئەو بخوازی نامەکەت کردبۆوە و بەر لە من ناوەرۆکەکەیت خوێندبۆوە!

من لە بەشی شەشەمدا بڕیارم دابوو کە چیترقسەت لەگەڵ نەکەم و بگرە فەرامۆشیشت بکەم، بەڵام ئەو رۆژەی کە لە لایەن دوو کوڕەوە لە کۆڵانەکەماندا پەلامار درای، نەمتوانی بێهەڵوێست بم و بۆ وەی تۆ هیچت بەسەر نەیە من پەلاماری دوو گەنجەکەم دا، نەمزانی کەی و چۆن، چەقۆم بەر کەوت و دواتر گەیاندرامە نەخۆشخانە.
خۆشەویستیت لە بەشی دوووهەمدا خەریک بوو ئاگری لە گیانم بەر دەدا، باوکم دەیگوت: ئەو کجە شێتە بۆ تۆ نابێ، هەر بیریشی لێ مەکەوە!
من لە بەشی دوازدەیەمدا خۆم بە خوێندنوەی نامەی ژنە نووسەرەکەی دووروڵاتەوە سەرقاڵ کرد، بەشێک لە شێعرەکانی خۆی بۆ ناردبووم و داوای لێکردبووم بە دیدێکی رەخنەگرانەوە بیانخوێنمەوە و لەسەریان بنووسم. لە کاتی خوێندنەوەی شێعرێکی ئاشقانەدا، وەبیرم هاتەوە کە لە بەشی چوارەمدا منیش شێعرێکی ئاشقانەم بۆ تۆ نووسیبوو بەڵام رووداوەکەی بەشی پێنجەم پەشیمانی کردمەوە و شێعرەکەم دڕاند و لەت و کوتی کاغەزەکانم فڕێ دایە ناو تەنکەیەکی زبڵی سەنتەری شار، ئەو ژمارەکەتی وەرگرت و دواتر دەنگۆی خۆشەویستی تۆ و پیاوە بە تەمەنەکە وەک بۆمب لە شار دا دەنگی دایەوە.
من لە بەشی سێهەمدا باوکم رازی کردبوو کە بێتە داخوازیت ئیتر هەموو حەز و خولیاکانم ببوونە تۆ و ئەوەی دەمنووسی بۆ تۆ بوو. باوکم لە بەشەکانی دواترتۆ و ئەو پیاوە بەتەمەنەی لە کۆڵانێکدا بینیبوو، بە دایکمی گوتبوو، رێگا نەدەن ئەو ماکەرە پێ بخاتە ئەو ماڵەوە، بەم حاڵەشەوە هەر دەهاتی.
ئێستاش نازانم بۆ لە بەشی یەکەمدا پێت نەگوتم کە ئەوین منی خۆش دەویست، دەبوایە پێت گوتبام، بەڵام نەتگوت. خەتا لە من بوو، ئەگەر من بە خۆشەویستی ئەوینم زانیبا، رەنگە چیرۆکەکە جۆرێکیتر با.
ئێستا کە تۆ ئەمانە دەخوێنییەوە لە بەشی کۆتایی دای،  فرمێسک بە چاوەکانتدا دێتە خوارەوە...


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر