۱۳۹۶ اردیبهشت ۱۱, دوشنبه

دیمانەیەک لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار. ناسر فەتحی

ناسر فەتحی: باشترین شوێن کە هونەرمەند دەتوانێ بەرپرسیارێتییەکانی خۆی تێدا بەڕێوەببات خاک و نیشتمانەکەی خۆیەتی.

تایبەت بە رۆژنامەی"هیچ"- ژمارە 5
 
سازدانی/ جەمال نەجاری
ماوەی چەند ساڵە بە شێوەی جیددی کاری شێوەکاری دەکەی؟ ئەو شێوازەی ئێستا لەسەری بەردەوامی سەر بە چ ڕێبازێکی هونەرییە؟
ناسر فەتحی: دوای ئەو قسە خۆشەی کە دەڵێ هەر لە منداڵییەوە وابووم و واچووم، دەبێ بڵێم لە قۆناخی مێرمنداڵیمدا بەهۆی ئەوەی بۆکان فێرگە (پەیمانگا) ی هونەری لێ نەبوو و منیش نەمدەتوانی بۆ خوێندن بچم بۆ مهاباد یان شارەکانی دەورووبەری بۆکان؛ هەروەها بەهۆی دەسکورتی و نەخوێندەواریی بنەماڵەکەم و نەناردرانم بۆ دەورەی شێوەکاری و شوێنی لەم چشنە، ناچار بەو ئەقڵەی ئەوێ دەمێ هەمبوو بڕیارمدا بچمە هونەرستان و میعماری بخوێنم؛ چوونکە ئەوکات ئەو بەشە تاکە بەشێک بوو کە وانەی هێڵکاری و شێوەکاریشی لە نێو ڕیزی وانەکانی دا گونجێندرابوو. لە هونەرستانەوە لە شێوەکاری دابڕام تا ئەوەی 2002 بوومە پێشمەرگەی حدکا، ساڵێک دواترەکەی بە شێوەکاری بۆ چیرۆکی منداڵان [بۆ پاشکۆی "دنیای منداڵان" ـی ڕۆژنامەی "کوردستان" ـی حدکا] ـەوە گەڕامەوە دنیای ڕەنگ و کێشانەوە و شێوەکاری. ساڵی 2009 کە لە هەولێر لە هونەرەجوانەکان وەرگیرام دوای دوازدە ساڵ گەڕامەوە سەر حەزی قۆناخی منداڵی و مێرمنداڵیم و لەوکاتەوە تا ڕادەیەک کەمتر دابڕاوم و دەتوانم بڵێم ئەوە حەوت ساڵێک دەبێ کە بە جددی خەریکی هونەری شێوەکاریم.
 
لەم ماوەیەدا زۆربەی شێوازەکانی هونەری شێوەکاری یان نیگارکێشانم تاقی کردووەتەوە بەڵام لەم دواییانەدا بەتایبەتی لە 2014 ڕا کە هاتوومەتە ئاڵمان زۆرتر بە شێوازی ئێکسپێرسیۆنیزم کارم کردووە،
ئێکسپێرسیۆنیزمێکی تێکەڵ لەگەڵ شێوازەکانی تر. دیارە هەوڵمداوە تا ڕادەیەک شێوازێکی تایبەت بەخۆم بخولقێنم کە بەداخەوە بەهۆی نەبوونی ڕەخنەگرێکی جددی لە سەرکارەکانم، ناتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم کە ئایا ئەم قسەیەم ڕاستە یان، ئیدعایەکی خۆبینانەیە. 
 
خۆزگەم دەخواست لەبری چاو پێکەوتن لەگەڵ خۆم، ڕەخنەگرێکی بواری هونەری نیگارکێشان هاتبوایە و ڕەخنەیەکی جددی لەسەر کارەکانم نووسیبووایە؛ لەبەر ئەوەی بەڕاستی حەز ناکەم خۆم لەسەر کارەکانم هیچ بڵێم و، ناشمهەوێ وەک بەردەنگێکی دەرەکی لێکدانەوە بۆ کارەکانم بکەم، چوونکە منیش بڕوام وایە: "کەس بە دۆی خۆی ناڵێ ترشە."
دەڵێی نامەوێ لەسەر کارەکانی خۆم بدوێم، بەڵام ئەگەر ڕات لەسەر هونەری شێوەکاری لە کوردستان وەربگرین، تۆ چۆن لە کاری هونەرمەندانی دیکەی ئەم بوارە دەڕوانی؟
ناسر فەتحی: بەر لە هەر شتێک دەبێ ئەوە بڵێم بەپێی ڕێژەی دانیشتوانی کوردستان و ئەو کوردانەش کە لە هەندەران دەژین، ئێمەی کورد ژمارەی هونەرمەندی شێوەکارمان بەڕادەی پێویست نییە و دەتوانم بڵێم هەر زۆر کەمیشمان هەیە. هەروەها لە ئەم ڕێژە کەمە هونەرمەندەی هەشمانە، ژمارەیەکی یەکجار کەمیان بە بەردەوامی و ڕۆژانە خەریکی ئافراندنی هونەرین و هونەرەکەیان وەک کاری سەرەکیی ژیانیان سەیر دەکەن؛ ئیتر ئەوانەی دیکەش هونەر وەک کارێکی لاوەکیی بۆ پڕکردنەوەی کاتە بەتاڵەکانیان دەبینن. دیارە ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە کە بە پێویستی نازانم لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئاماژەیان پێ بکەم.
 ئەگەر کۆمەڵێکی دەستەبژێر لەولا دابنێن و بە گشتی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، دەبێ بڵێم بەداخەوە کاری زۆربەی هەرە زۆری هونەرمەندانی شێوەکاری ئێمە لاواز و چەق بەستوو و چاولێکەرانەی ڕووت و خاڵین. مەبەستم لە لاوازی زیاتر لایەنی ناوەرۆکی کارەکانە؛ بەڵام جگە لە لاوازیی ناوەرۆکی کارەکان لەڕووی ئاکادمیشەوە کاری زۆربەی هونەرمەندانی ئێمە، بەتایبەت هونەرمەندانی باشووری کوردستان لاواز و نا ئاکادمین. بۆنموونە ئاناتۆمی زۆربەی فیگۆڕەکان وێرانن و پڕسپێکتیوی زۆربەی کارەکانیش هەڵەن. تەنانەت ئەرکی ڕەنگەکانیش هەروا بە نەناسراوی ماونەتەوە و هونەرمەندانی ئێمە لە گۆترە ڕەنگ لە تابڵۆکانیاندا بەکار دێنن. 
 
یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی هونەرمەندانی ئێمە، بەخۆشمەوە کە ئەم پەتایەم بە دیاری لە کەشی هونەری کوردی وەرگرتووە، ئەوەیە، لە نێوک بەرەوسەرەوەی فیگۆڕەکانمان دەبینین و ئەگەر دەهەزار تابلۆی بەرهەمهاتوو لە کوردستان بێنی، دە تابلۆت دەست ناکەوێ کە فیگۆڕەکانی قاچ و قولیان هەبێ، تەنانەت دەستەکانیشیان بە فێڵێک دەشارینەوە، دەڵێی مرۆڤەکانی نێو تابلۆی هونەرمەندانی کورد بێ قامک و پەنجە لەدایک بوون و، تەنیا دەشزانن ڕووبەڕوو و یان لابەلا سەیری بینەرەکانیان بکەن. ئیتر لە پشتەوە کێشانەوە و لە سەرەوە کێشانەوە و لە کاتی ڕاکردندا کێشانەوە و لە دۆخە جەستەییە جووڵەییە جیاجیاکاندا کێشانەوە کە تاوانە و کەس خۆی لێ نادات.
 
دیسانەوە دەیڵێمەوە جگە لە کۆمەڵێک هونەرمەندی دەستەبژێر، کاری زۆربەی هونەرمەندانی ئێمەی کورد وێرانە، بەتایبەت هونەرمەندە ڕێئالیستەکانمان.
ڕێی دەربازبوون لەم وێرانییە چییە بە ڕای تۆ؟ پێویستە هونەری شێوەکاریی کوردی مۆرکی کوردیبوونی پێوە دیار بێ یان دەبێ ئاوێتەی هونەری شێوەکاری جیهانی بێ؟ تۆ وەک خۆت کام ڕێگات گرتۆتە بەر کە هونەرەکەت نەکەوێتە چوارچێوی ئەو وێرانییەی پێشتر ئاماژەت پێکرد؟
ناسر فەتحی: ئەم دەستەواژەی مۆرکی کوردی پێوەبوونە، خۆی یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم وێرانییەیە کە باسم کرد. ئەگەر هەبوونی مۆرکی کوردی بە کارە هونەرییەکانی هونەرمەندانی کورد وەک چاوەڕوانی و بیرۆکەیەک لەبەرچاو بگرین، دەتوانین بڵێن بێ ماناترین بیرۆکە و چاوەڕوانییەکە کە بەردەنگ و هونەرمەندی کورد ـ بەبێ ئەوەی بزانن بێ مانایە ـ خۆیان پێوە خەریک کردووە. تا ئێرە هونەرمەندانی کورد بۆ جێبەجێ کردنی ئەم بیرۆکە هەڵەیە تەنیا توانیویانە ئەو هێما کولتوورییانەی کە کورد زۆرتر بەکاریان دێنێ، لە کارەکانیاندا بگونجێنن؛ بۆ وێنە، جلی کوردی و هەڵپەڕکێ و داری بەڕوو و کوێز و خانووی قوڕین و هاوشێوەکانیان. بەڵام هەموومان باش دەزانین زۆر نەتەوەی جیا لە کورد لە دنیادا هەن کە هێمای کولتووری هاوشێوەی کوردیان هەیە و، کورد ناتوانێ بڵێ هەر ئێمە بەتەنیا خاوەنی ئەو هێمایانەین [قسەی کەواوپاتۆڵم نییە] بۆیە کورد لەبری ئەوەی خۆی بەو هێما گشتگیرانەوە بخافڵێنێ باش وایە لە زانستی هونەریی دنیا بۆ گواستنەوەی چیرۆکە کوردییەکان کەڵک وەربگرێ، چیرۆکی ژیانی، دەردی، مەرگی، داخوازیی، ئەوین و نەفرەتی، نەک دیمەنە باوەکانی سرووشت و جوگرافیای کوردستان بە کەڵەگایەتی بئاخنێتە نێو چوارچێوەکانیەوە. 
 ڕێگایەکی دیکە بۆ دەرباز بوون لەم وێرانییە ئەوەیە، مادام ئێمە هەر دەسەڵات و وڵات و ئاکادمیای گرنگی پێدراومان نییە، دەبێ هونەرمەندانی ئێمە بە نرخی لەبرسان مردنی خۆشیان بووبێ، کارەکان و ئافراندنی خۆیان بە جددی وەربگرن. دەبێ بەدەیان و سەدان و هەزاران شەهیدی بواری هونەرمان هەبێ تا لەم وێرانییە دەرباز دەبین. دەبێ وەک چۆن ڕۆژانە هەواڵی شەهیدبوونی کۆمەڵێک پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ دوژمن دەبیستین، بەهەمان ڕادە [چما زیاتریش] هەواڵی لەبرسان مردن و شەهیدبوونی هونەرمەندی کورد لە شەڕ لەگەڵ کۆمەڵگای ئاینیی و دواکەوتوو و چەقبەستووی کوردستان ببیستین.
 
من وەک خۆم ڕێگای پێشمەرگایەتیم لە هونەردا گرتووەتەبەر؛ هەمووشمان باش دەزانین پێشمەرگە مرۆڤێکە کە کاری خۆی دەکات بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی دەستخۆشی و پاداشتی کەس بکات و، بەردەوام لە پێناو ئامانجە بەرزەکانیشی دا خەبات دەکات بەبێ ئەوەی ساردبێتەوە.
واتە هونەرمەندی کورد دەبێ ئاوڕ لەو مەرگەساتانەی بەسەر گەلەکەی هاتووە، لەوانە ئەنفال و هەڵەبجە و قاڕنێ و قەڵاتان و شنگال و کۆبانێ، بداتەوە و لە کارەکانیدا ببیندرێ، ڕەنگە بەمشێوە پەیامی خۆی بگەیەنێ، لە وانەشە تۆ ڕایەکی جیاوازترت هەبێ؟
ناسر فەتحی: هەڵبەت من لە وەڵامی پرسیارەکەی پێشوودا لەبیرم چوو ئەوەندەش زیاد بکەم کە ئەم خۆ کوژی و پێشمەرگایەتییە زیاتر دەبێ "کات"ی هونەرمەند بگرێتەوە، واتە هونەرمەندی کورد دەبێ تا ئاستی خۆ کوژی کات بۆ ئەزموونگەری و بەرهەمهێنانی هونەری لە کۆمەڵگا دواکەوتوو و نازانستییەکەی خۆێ تەرخان بکات. 
 
ئاوڕدانەوە لە مەرگەساتەکانی کوردستان بە هونەر یەکێک لە ئەرکە ئینسانییەکانی هونەرمەندی کوردە، بەڵام هەمووی نییە، چوونکە کورد بەسەدان چیرۆکی دڵداری و ئەفسانەی و ئوستوورەی جوانیشی هەیە کە شیاوی ئاوڕ لێدانەوەن. هەر لەو مەرگەساتانەی کە باست کرد کورد بە سەدان و هەزاران قارەمانێتیشی تۆمار کردووە و، هونەرمەندی کورد جگە لە نیشاندانی لایەنی بەزەیی ورووژێنی مێژووەکەی، دەبێ ئەو قارەمانێتییانەش کە لە دڵی ئەو مەرگەساتانەدا ڕوویانداوە دەربهێنێ و نمایشیان بکاتەوە.
 
سەرەڕای ئەمانە هونەرمەندی کورد نابێ تەنیا بەم بابەتە تایبەتمەندانەوە دابنووسێ و لە کاروانی هونەریی جیهانی سەردەم داببڕێ، واتە ئەمانە نابێ دەست و پێی هونەرمەندی کورد لە گۆزەدا بهێڵنەوە و، دەبێ پێ بە پێی ئەم کاروانە بڕواتە پێشێ، چوونکە ئیتر دنیا گۆڕاوە و دنیای مەجازی و دیجیتاڵ هەموو بەهانەیەکیشی لێ بڕیوین.
ئێستا تۆ لە وڵاتی ئاڵمانیا دەژی و کۆمەڵێک چالاکیی هونەریشت ئەنجام داوە، پێت وایە بارودۆخ له ئوروپا بۆ هونەرمەندێکی کورد لەبارترە بۆ کارکردن یان لە کوردستان ئاسوودەتر بووی؟
ناسر فەتحی: بێ گومان کوردستان بۆ چالاکیی هونەریی هونەرمەندانی کورد باشترین جێگایە. تەنانەت ئێمە مانانیش کە لە دەرەوەی وڵات دەژین، زۆربەمان چالاکییەکانمان پێوەند دەدەینەوە بە کوردستان و کێشە نەتەوایەتییەکەمانەوە. ڕاستە خەڵکی وڵاتە پێشکەوتووەکان تێگەیشتنی هونەرییان زۆرە و زۆر گرنگی بە هونەر دەدەن، بەڵام هونەرمەند تەنیا پێویستی بە بەردەنگی تێگەیشتوو و پێزانی هونەری نییە، هونەرمەند سرووشت و خاک و خەڵکی نیشتمانەکەی سەرچاوەی سەرەکیی ئافراندنەکانییەتی. دیارە ئەگەر بڕواشمان بە هونەری بەرپرسیار هەبێ ـ کە من خۆم بڕوام پێیەتی ـ باشترین شوێنێکیش کە هونەرمەند دەتوانێ بەرپرسیارێتییەکانی خۆی تێدا بەڕێوەببات خاک و نیشتمانەکەی خۆیەتی.
 
ئێمەی هونەرمەندی ڕەوەند و پەنابەر هەردەم لە هونەرەکەمان وەک هونەرێکی هاوردە و دەرەکی دەڕوانن و، ئەگەر بۆ نموونە تۆ کارێکی دەگمەن و ناوازەش بکەی تەنیا لەو ڕوانگەیەوە کارەکانت بە میدیایی دەکەن و گرنگیت پێ دەدەن کە بە خەڵکی خۆیان و پەنابەرەکانی دیکە بڵێن ئەها ئەمەش پەنابەرە و پیاوخۆر و مەترسیداریش نییە. 
 
من خۆم لێرە زۆربەی بینەرانی ئاسایی کارەکانم گاڵتەیان بە کارەکانم دێ، وەک بڵێی، لە دڵی خۆیان دا دەڵێن: ئەخە ڕەش و ڕووت تۆ چی لە هونەر حاڵی. جا وەک خۆم چوونکە دەزانم میدیا وەک سووژە و کەرەسەیەک لە هونەرمەندانی پەنابەر دەڕوانێ، تا ئێستا هەوڵم نەداوە کارەکانم بە میدیایی بکەم، بە واتایەکی تر ڕێگەم نەداوە ببمە مایەی پڕکردنەوەی کاتە زیادییەکانی کەناڵەکانیان و، زۆر ساکار دەبێ بڵێم خۆم نەکردووە بە عەمتەری میدیایی میدیا نیت ناپاکەکانی ئورووپا.
 
کاتێک تۆ وەک هونەرمەند سەیر دەکەن کە لە وڵاتی خۆتەوە بە نوێنەرایەتی هونەری وڵاتەکەتەوە هاتبییە ئەم وڵاتانە، نەک وەک پەنابەرێکی ڕووت و سوسیال خۆری حکوومەتەکەیان.
 
هونەرمەند لە کوردستان هەرچەندی پشت گوێش بخرێ و گرنگیشی پێ نەدرێ و ئازاریش بدرێ، لە یەک شت دڵنیایە، ئەویش ئەوەیە هەست بە هەڵواسراوی و بێهوودەیی و بن پێ بۆشی ناکات. هیچ شتێک لە بێ ڕیشەیی بۆ هونەرمەند کارەساتبارتر نییە.
 
لە کوردستان خەڵک هونەرمەندەکان وەک هونەرمەند سەیر دەکەن و پێویست ناکات هونەرمەندەکان بەکەسی بسەلمێنن کە هونەرمەندن بەڵام لیرە دەبێ بەخەڵکی بسەلمێنی کە هونەرمەندی تا بڕوات پێ بکەن کە هونەرمەندی و ئەوەش وزەیەکی زۆرت لێ دەکووژێ و زۆر دەخایەنێ؛ چوونکە لەخۆیانت نازانن و هەموو پەنابەرێک وەک یەک دەبینن. قسەی جەماوەرێکی دەگمەنم نییە کە ئەم گشتاندنە نایانگرێتەوە.
دەتەوێ لە ڕێی هونەری وێنەکێشان یان شێوەکاری چ پەیامێک بگەیەنی بە بەردەنگەکانی خوت و تا چەند پێت وایە لە گەیاندنی پەیامەکەت دا سەرکەوتوو بیت؟
ناسر فەتحی: هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا، چوونکە من بڕوام بە هونەری بەرپرسیار هەیە، دەمهەوێ لەڕێگای هونەری شێوەکارییەوە هەموو ئەو بەرپرسیارێتییە مرۆیی و نەتەوەییانەی لەسەر شانمە جێبەجێیان بکەم و بەبەشی خۆم دارێک لەسەر بەردی مرۆڤی کورد دابنێم. 
 
من خۆم بە سەرکەوتوو دەزانم، چوونکە تا ئێستا بەبێ هیچ پاداشتێک و بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک بۆ پاداشت، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژێ بەبێ ساردبوونەوە بەردەوامتر و شێلگیرانەتر درێژەم بە بەرهەمهێنانە هونەرییەکانم داوە. ئەوەش بۆ من پەیامێکی گەورەیە کە بۆخم بەخۆمم داوە و، مادام پێم وایە هونەرمەند بەر لە بەردەنگ دەبێ پەیامێکی ڕوونی بۆخۆی پێبێت؛ ئەوە دەتوانم بڵێم هەنگاوی سەرەکیی بەرەو سەرکەوتنم هاویشتووە.
 ***
ناسر فەتحی لە دایک بووی 1981 ڕۆژهەڵاتی کوردستان ـ بۆکان. خوێندکاری بەشی میعماری زانکۆی زەنجان بووە و بە هۆکاری سیاسی لە زانکۆ دەرکراوە.
2002
بۆ کۆتاییەکانی 20066 پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕات (حدکا) بووە. [لە چاپەمەنی حدکا کاری کردووە و سەرنووسەری بڵاوکراوەی "دنیای منداڵان" بووە و هاوکات نیگاری بۆ چیرۆکەکانی ئەو بڵاوکراوەیە کێشاوەتەوە.]
پێشینەی نیگار کێشانەوە بۆ منداڵان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی منداڵان لە باشووری کوردستاندا
هەیە. [بۆنموونە، "هەنگ" و "نم نم"]
ئەزموونی کاری کاریکاتێر و ئەنیمەیشێن درووستکردنی هەیە.
بەکالۆریۆس (لیسانس) ی شێوەکاریی لە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی هەولێر وەرگرتووە.
 
هاوکات لەگەڵ خوێندن، دەرهێنەری دەنگ و دوبلێر و پێشکەشکار بووە لە چەند کاناڵێکی نێوخۆیی باشوور. [بۆنمونە "گەلی کوردستان"، "ئیفێکت"]
لە ساڵی 2014 ڕا لە شار بێرلینی ئاڵمان دەژی.
ئێستا زیاتر بە کاری پێڕفۆڕمانسەوە سەرقاڵە. 
زۆربەی کارەکانی لە کاناڵی یووتووبەکەی و ئەنیستاگڕامەکەی دا نمایش دەکات.
بەم ناوانە: nasir fethi و naserfathibokani
 
جگە لە ڕێئالیزم حەزی لە هەموو شێوازەکانی هونەری شێوەکارییەوە و لە زۆربەی بوارەکاندا ئەزموونی هەیە.
زیاتر ئۆگری قوتابخانەی ئێکسپێرسیۆنیزمە.
 جگە لە هونەری شێوەکاری و هونەرە ئاماژە پێکراوەکانی دیکە، بە هۆندنەوەی شێعر بۆ منداڵان و نووسینی چیرۆکی کورتیشەوە سەرقاڵە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر