ئامادەکردنی راپۆرت/ جەمال
نەجاری
لە جەند ساڵی رابردوودا بەشێکی
بەرچاو لە کچان و ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو مێدیاکانی باشووری کوردستان وەک بێژەر
و پێشکەشکار و نووسەر و کامێراوان دەرکەوتوون، لەگەڵ ئەوەشدا کەمتر بینیومانە کچان
و ژنانی باشوور لەبەر هەلومەرجی تایبەت و داب و نەریتی کۆمەڵگە نەیانتوانیوە بەشێوەیەکی
بەرچاو وەک راگەیاندکار لە مێدیاکان دەربکەون. لەم راپۆرتە سێ کچی راگەیاندکاری رۆژهەڵاتی
کوردستان کە لە مێدیاکانی باشوور کار دەکەن باس لە کەندوکۆسپەکانی سەر رێیان و ئەزموونی
کاری خۆیان لە راگەیاندنی کوردی دەکەن.
شلێر باپیری. پێشتر لە چەند
شوێنی راگەیاندن کاری کردووە، ئێستا بێژەی دەنگوباسە لە زاگرۆس تیڤی و هاوکات نووسەری
هەوالێشە لە ئاژانسی پەیامنیر. ماوەی ٤ ساڵە لە زاگرۆس کار دەکات و تا ئێستاش بەردەوامە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارە، وەک
کچێکی رۆژهەڵاتی کە لە مێدیاکانی باشوور کار دەکات تووشی چ کێشە و گرفتێک هاتووە؛ شلێر
باپیری وتی: ماوەیەکی زۆرە کە لە راگەیاندنەکانی باشوور کار دەکەم. لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە
بەردەوام لە چەند شوێنی جیا کارم کردووە، بەڵام تووشی کێشەیەکی وا گەورە نەبووم یان
بەربەستێک کە شایانی باسکردن بێت، نەهاتووەتە پێشم. رۆژانە گرفت دروست دەبن، بەڵام
ئەو گرفتانە بۆ هەر یەکەمان لە کاری راگەیاندن بێت یان کاری دیکە، بۆمان دێتە پێشێ
و چارەسەر دەبن.
لە وەڵامی پرسیاری ئەو کچانەی
لە راگەیاندن دادەمەزرێن لەسەر توانایی خۆیانە یان تەنیا ژن بوونیان هۆکاری سەرەکییە
لە دامەزراندن، چونکە کجان و ژنانی باشوور کەم دەردەکەون لە مێدیاکاندا؛ شلێر باپیری
دەڵێت: با لە ئەزموونی خۆمەوە ئەوە باس بکەم، بێگومان ژن بوونم ئەگەر هۆکاری سەرەکیی
نەبێ، بەڵام هۆکارێک بووە بۆ وەرگرتنم. چونکە ئەو کاتەی من دەستم بە کاری راگەیاندن
کرد، ژنان زۆر کەم لە راگەیاندنەکاندا دەبینران. ئەمە یەک دوو ساڵەی دوایی ژمارەیان
زۆرتر بووە کە جێگەی خۆشحالییە. سەبارەت بە بواری توانایی، بێگومان ئەویش لەبەرچاو
دەگیرێت. بۆ نمونە کە یەکەمجار چووم بۆ زاگرۆس تیڤی کە ئێستاش هەر لە بەشی هەواڵ و
سیاسیەتی زاگرۆس بەردەوامم ، تێستیان پێکردم و یەکسەر نەیانکوت وەرگیراوی. لە دوای
تێست کردن پێیان راگەیاندم کە دەتوانم دەست بە کار بم. بەڵام ئەوە بەو مانایەش نییە
کە هەموو دەزگاکانی راگەیاندن بەو شێوەیە بێ. چونکە زۆر جار ژنی راگەیاندنکاری وا دەبینین
کە توانایی لە بواری راگەیاندن زۆر لاوازە و تەنیا چونکە ژن بووە، وەرگیراوە. لە هەمانکاتدا
هەندێک لە ژنەکانیش کە دێنە ناو کاری راگەیاندنەوە، هەوڵەکانیان بۆ زیاتر بەرەوپێشچوون
زیاد ناکەن.
هێرۆ مەولوودی یش وەک بێژەر
لە تەلەفزیۆنی زاگرۆس سەبارەت بەو پرسە دەڵێت: بە شانازییەوە من ماوەی 9 سالە لە هە
ر سێ بواری بینراو وبیسراو و نوسراو لە هەولێر و لە ناو راگەیاندنی پارتی كار دەكەم،
سەرەرای هەمو ئەو بابەتانەی باسی دەكەن و لە سەری دەنووسرێ و سەرەرای ئەوەی من وەك
كچێك كارم كردوووە و تەنانەت شەو لە راگەیاندن بووم و بەرنامەی شەوانم بووە .من توشی
هیچ گرفتێ نەبووم. لەو كاتەوە لەم بوارە كارم كردووە هەست بە قورسایی لە بواری مەعنەوی
دەکەم و رێزی زۆریان لێگرتوم بە تایبەت لە لایەن خەلكەوە. گرفت تەنیا لە هەندی دەزگا
لە روی بەرێوەبردن و هەندی ئینتیما و قبوڵ نەكردنی كۆمەڵێ شت بوووە. بەو پییەی كچانی
رۆژهەلات ئەكتیڤتر و چالاكترن و تا رادەیەك خیزانەكانیان بەربەست دروست ناکەن بۆیان
بۆ كاركردن لەم بوارە و هەروەها توانای تایبەتی خۆیان بە تایبەت لە رووی خویندنەوە
و كاراتربوون رۆلی كچانی رۆژهەلات بە تایبەت لە هەولیر بەرچاوتر بووە و كاراتر بووە.
بێگومان دەزگای راگەیاندن پێویستی بە هاوشانی و بوونی هەردوو رەگەزە و بەو پێیەی كچانی
باشور كەمتر حەزیان لەم بوارەیە بۆیە رۆژهەڵاتییەكان بەرچاوترن. لاوازییەكی بەرچاو
هەیە بە تایبەت لەرووی زانستی. زۆرن ئەو خانمانەی كە دەرچووی بەشی راگەیاندنن بەلام
كەمتر لە بوارەكە كار دەكەن و ئەگەریش كار بكەن كەمتر لە بواری پیشكەشكاری و پەیامنیری
بووە.
تروسکە سادقی ماوەی ٣ ساڵە
لە راگەیاندن کار دەکات، ئێستا بەرنامەیەکی سیاسیی حەفتانەی لە کەناڵی ئاسمانی هەوڵێر
تیڤی هەیە، کە هەر خۆی ئامادەکار و پێشکێشکاری بەرنامەکەشە.
تروسکە سادقی دەڵێت:
" کێشە ئەگەر هەبێت بۆ هەموو میدیاکارێک بەهەردوو رەگەزەکانەوە هەیە، بەڵام وەکوو
تایبەتمەندی ژن بوونم لەناو کایەی راگەیاندندا تووشی هیچ کێشەیەک لەناو خودی دەزگاکانی
راگەیاندن نەهاتووم، چونکە سیستەمی سیاسی لە باشوور چ وەکوو باوەری سەرکردەکانی و چ
وەکوو یاساکانی ناو پەرلەمان هیچ جیاوازییەک لەنێوان رەگەزەکان ناکات، بەڵام نایشارمەوە
کە کۆمەڵگای باشور بەگشتی تاکوو ئێستا رانەهاتووە کە قبووڵی ژنێکی میدیاکار بکات، یان
لانیکەم وەکوو پیاوی میدیاکار، وەکوو یەک سەیری ژن بکات. ئەوەش هۆکاری زۆرن یەکێکیان
پیاوانە بوونی کایە سیاسییەکانەو بەداخەوە لە کوردستانیش هەموو کایەیەک بەسیاسی کراوە.
واتا میدیاکار زۆرتر لەرووی سیاسییەوە پێناسە دەکرێت و کۆمەڵگاش لەگەڵ ژنی سیاسیی رانەهاتووە."
ناوبراو پێی وایە "هەن
ئەو کچانەی بەتواناکانی خۆیان لەراگەیاندنەکان دەرکوتوون و خەون و ئاواتی گەورەشیان
هەیە. بەڵام بەداخەوە کەمیش نین ئەوانەی لە بۆشایی نەهاتنی میدیاکاری ژنی باشوری ئەو
رێگایەیان بۆ کراوەتەوە، بەداخەوە زۆر جارانیش ریکلامیان پێدەکرێت، بەڵام من پێموایە
لەئەنجامدا بەتواناکان دەمێننەوە. چونکە لەراستیدا کاری راگەیاندن حەزو توانا و لەهەمووشیان
گرنگتر باوەرە. پێویستە ئەوەش بڵێم کە هەندێکجار مایک و شاشە و کامێرا شەخسییەتێکی
درۆین بە کچان دەدات و ناهێلێت خۆیان وەکوو خۆیان ببینن، و دەرکەوتنیان لە تیڤییەکان
بە دوا مەنزڵگەی سەرکەوتن دادەنێن. ئەوەش مەترسییەکی دیکەیەو وایکردووە هەندێکمان وەکوو
کچی میدیاکاری رۆژهەڵات لەباشور بەدوای تواناکانی دیکەماندا نەرۆین، چونکە کەمبوونی
ژنی میدیاکار سەرنجەکان بۆ لای ئەوان رادەکێشێت."
لە ژمارە 7 گۆڤاری چەم چاپکراوە
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر