۱۳۹۶ فروردین ۵, شنبه

چالاکانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پەراوێزی بەستنی کونگرەی نەتەوەییدا

سامان رەسوڵپوور: کەسی ڕاگەیاندن نین. کەسی سیاسین.
حامید فەرازی: با چالاکانی رۆژهەڵاتیش بانگهێشت بکرێن

 بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا لە هەولێر پایتەختی باشووری کوردستان کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بە بەشداری سەرجەم حیزب و لایەنەسیاسییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان و کەسایەتییە دیارەکانی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان بەرێوە بچێت، ئەم کۆنگرەیە
 بایەخ و تایبەتی  خۆی هەیە لە رووی یەکدەنگی و یەک گوتاری سەرجەم هێز و لایەنەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە باکوور و باشوور و رۆژهەڵات و رۆژاوای کوردستان، هەروەها پەیامێکی گرنگە بۆ ئێران و تورکیا و عێراق و سوریا کە کوردان خوازیاری ئاشتی و پێکەوە ژیانن.
211
ئەندام لە هەر چوارپارچەی کورستان وەک ئەندامانی دەستەی ئامادەکاری کۆنگرە دەست نیشان کراون، بەشێک لە چالاکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بە پەراوێز خستنی چالاکانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و بە دیدێکی رەخنەگرانە لەو کۆنگرەیە دەڕوانن و لە کەموکوڕییەکان دەکەن
ئامادەکردنی جەمال نەجاری


سامان رەسوڵپوور رۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ لەو گفتگۆیەدا باس لە پەراوێزخستنی نوخبەکانی رۆژهەڵات دەکات، ئەو دەڵێت: "مەسەلەیەکی گرینگ پەڕاوێز خستنی نوخبەی سیاسی ڕۆژهەڵاتە. تا ئێستا هیچ کام لە کەسایەتی سەربەخۆکان یان ئەو کەسانەی له بوارەکانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسی و مافی ژنان دا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کارنامەیەکی ڕوونیان هەبووە ئاگاداری کۆنگرەی نەتەوەیی نین و وا دیاره بڕیاریش نیە ئاگادار بکرێنەوە. وا پێدەچێت کە حزبەکان بە تەمای بانگهێشت کردنی کەسانێکن کە لە شەبەکەی دۆستانی نزیک خۆیانن. و ئه وەش یانی پەڕاوێز خستنی کەسانی شایستەی غەیری حزبی."
 
دەربارەی دیاریکردنی ئەندامانی کۆمسیونی راگەیاندن سامان رەسووڵپووڕ دەڵێت: "لەو چەند ڕۆژە کۆمیسیۆنێک بە ناوی «کۆمسیۆنی ڕاگەیاندنی کۆنگرە» دامەزراوە. تەرکیبەکەی چۆن هەڵبژیردراوە ڕوون نیە. چەند بەڕێزێک بەشدارن کە وێڕای ڕێزم بۆ هەموویان بەڵام هیچیان کەسی ڕاگەیاندن نین. کەسی سیاسین. کەسی ڕاگەیاندن یانی کەسێک کە بە شێوەی پرۆفشناڵ یان ڕۆژنامەنووس بێت یان لەو بوارە دا خاوەن ئه زموون بێت. تێکەڵکردنی کاری سیاسی و ڕاگەیاندن شتێکی باشی لێ دەرنایە. هەر وەها نووسراوەیەکیش لە لایەن ئو خۆشەویستانە بڵاو کرایەوە و داوا لە ڕۆژنامەنووسان کرا کە پیشنیارەکانی خۆیان بنووسن و بۆیان بنێرن. بەڵام باوەڕ ناکەم هیچ ڕۆژنامەنووسێکی پرۆفشناڵ حازر بە هاوکاری بێت. چوونکە ئەو بەڕێزانی دەبوایە بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە رۆژنامەنووسە خاوەن ئەزموونەکان بکردایه. نەک ئه وەی شتێکی فەلەیی و فۆرماڵێتە و پابلیک لە فەیسبووک بڵاوبکەنەوە.

حامید فەرازی یەکێک لە چالاکانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشنیار دەخاتە روو و داوا دەکات بەشێک لە چالاکانی ناوخۆی رۆژهەڵات بانگهێشتی کۆنگرەی نەتەوەیی بکرێن. حامید فەرازی دەلێت: "ئێستا کە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەبەردەم گۆراندایە و جەرەیانە سیاسیەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان هیوادارن بە یەک دەنگ پەیامی ئاشتی بنێرن بۆ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و هەروەها بە پێداگری لەسەر مافە ڕەواکانی گەلی کورد بە دەوڵەتانی ناوچەش ڕادەگەیەنن کە بەرژەوەندی ئێمە لە دژی بەرژەوەندی هیچ کەس و لایەنێکی غەیرەکورد نیە، هەوڵی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان هەوڵێکی پیرۆزە بەڵام باشتره لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەندێ کەسایەتی و لایەنی ناوخۆیش بەشداریان لە کۆنگرەکەدا هەبێ."
 
حامید فەرازی رایدەگەیەنێت: پێویستە بزانرێ هەر ئێستا لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات چەندین کۆر و کۆمەڵ و بە دەیان و سەدان کەسایەتی خاوەن هزر و ئەزموون خەریکی کار و چالاکین، بۆیە پێشنیار دەکرێ ئەگەر لە ئێستادا ئیمکانی ئەوەش نەبێ کە وەکو ڕێکخراوەی سیاسی بانگهێشتی ئەو لایەنانە بکرێ لانی کەم دەکرێ وەکوو کەسایەتی کەسانێکی بەتوانا وەک: سیاوەش حەیاتی، باقر پیری، مەسعود بینەندە، ناسێح باخیشی، هەمزە محەمەدی، حامد کۆنەپۆشی، ئەنوەر ساعد موچشی، کەیوان فەرەهمەندی، ئەحمەد حەبیبی، ئازاد نمەکی، حسێن محەمەدزادە، کەماڵ خالق پەنا، مەسعود ڕۆستەمی، خالید شێخ الاسلامی، زەهرا کەرەمی، فەروخ لەقا موعتەمد وەزیری، حەفسە سەلیمی، خالد تەوەکولی، فەرهاد ئەمین پوور، ڕەزا شەجیعی، شۆڕش سەعیدپوور، سەلاح خەدیو، تاهیر خەدیو، حەسەن شێخ ئاقایی، جەلال حاجی زادە، ڕەحمەت شەخسی، عبدواللا مێهرەبان، هەژار ئاریانفەر، شلێر ڕەشیدی و هێرۆ مێعمارزادە، ڕەحیم فەرهمەند، ئەسعەد ئەردەڵان، کەماڵ ئازاد مەنش، حاسڵ داسە ، عبدوللا سۆهرابی و ... وەکوو کەسایەتی بۆ بەشداری لە کۆنگرەدا بانگهێشتن بکرێ، بەڵکوو ئەو کەسانەش بتوانن لە ناو خۆیاندا لێژنە یا چەن لێژنەیەک بگرن و چەن کەسێک هەڵبژێرن کە بە نوێنەرایەتی لە هەمووان لە کۆنگرەکەدا قسە بکەن و هەڵوێست بگرن."
 
وتیشی: "ئەو پێشنیارە تەنیا وەک پێویستیێک و بۆ پڕ کردنەوەی بۆشایێک دەخرێتە بەردەست ئەگینا بە واتای نەفی کردنەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە."

لە ژمارە 6 گۆڤاری چەم چاپکراوە

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر