جەماڵ نەجاری
بەرپرسێکی ئێرانی وتوویەتی: عێراق پایتەختی
ئێرانە، ئەم رستە کورتە لە ناواخندا زۆر واتادارە و قسە زۆر هەڵدەگرێ، کۆماری
ئیسلامی ئێران، بیر لە عێراقێک دەکاتەوە کە بە تەواوی لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێ،
بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
بە بیانووی شەڕ دژی داعش، پلانی داگیرکاریی عێراق
لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێکردووە و پێکهێنانی حەشدی شەعبی (هێزی
چەکداری شیعە لە عێراق) بۆ گەیشتن بەو ئامانجەیە.
مەخابن لە هەرێمی کوردستان هەندێ لایەن راستەوخۆ
یان ناراستەوخۆ هاوکاری کۆماری ئیسلامی دەکەن و تا رادیەکیش کارئاسانییان بۆ هاتنی
بەرپرسانی ئێرانی کردووە و تەنانەت رێگەیان داوە بەشێک لە هێزی حەشدی شەعبی لە
دوزخورماتوو و دەوروبەری کەرکووک جێگیر بکرێن.
هێنانی هێزی حەشدی شەعبی بۆ کوردستان خیانەتێکی نیشتمانییە، جونکە
ئەو هێزە خۆی بۆ کاولکردنی کوردستان ئامادە کردووە و بۆ ئەوەش پێکهێندراوە کە کورد
سەرکوت بکات ، ئەگەر بیەوێ بڕیاری جیابوونەوە لە عێراق و راگەیاندنی سەربەخۆیی
بدات.
بە هەموو شێوەیەک فەرمانڕەوای ئێستای عێراق، کۆماری ئیسلامییە و
کوردیش بە تەنیا توانای رووبەرووبوونەوە لەگەڵ ئەو ئەژدیها پێنج سەرەی نییە کە وا
خەریکە عێراق بە تەواوی قووت بدات. بنیامین نتانیاهو لە ئەمریکا وتی: " ئێران
ئێستا گەمارۆی ئابووری لەسەرە وا وا چوار وڵاتی قووت داوە، ئەگەر هاوکاری بکرێ
دەبێ چەند وڵات قووت بدا!!
سەرکردایەتی کورد دەبێ بیر لە ئالتەرناتیڤێکی گونجاو بکاتەوە بۆ
ئەوەئ ئەگەر لە داهاتوودا حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئێران ویستی پەلاماری خاک و
خەڵکی کوردستان بدات، جگە لە کورد هێز و وڵاتی دیکە هەبن رووبەرووی ئەو هێرشانە
ببنەوە، لەگەڵ ئەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و
وڵاتانی ئوروپی زۆر باشە بەڵام بە باوەڕی من دەبێ هەرێمی کوردستان بە رەسمی و بە
ڕاشکاوی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل هەبێ و دەرگا بە رووی
ئیسرائیلییەکان بکاتەوە سەردانی کوردستان بکەن، بە تایبەتی کوردانی نیشتەجێی
ئیسرائیل کە رێژەیان نزیکەی 300 هەزار کەس دەبێت.
ئەم شەرمی سیاسییە یان ئەم ترسی سیاسییە بۆ پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی
ئیسرائیل دەبێ بشکێ و نەمێنێ و مافی حکومەتی هەرێمی کوردستانە پەیوەندی دیپلۆماسی
لەگەڵ هەموو وڵاتان هەبێ.
...
سەرچاوەی وێنە؛ رووداو Rudaw
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر