۱۳۹۴ اسفند ۱۶, یکشنبه

د. رەشید کرمانج: زمانی کوردی ده‌توانێ هێزی نووستووی نه‌ته‌وهخوازیی کورد ڕاپه‌ڕێنێ

ئامادە کردنی؛ جەمال نەجاری
ماوەیەکە دەوڵەتی نوێی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەوڵی جێبەجێکردنی بەندی ۱۵ لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە جیاجیاکان لە ناوخۆی ئێران دەدا و بەمەش رێگە دەدرێ زمانی زگماکی لە قوتابخانەکان بخوێندرێ کە زمانەکانی کوردی و ئازەری و عەرەبی و بەلووچی و تورکمانی لەخۆ دەگرێت، بەڵام هەندێ ناوەند هەن دژی ئەو بڕیارە راوەستاون و خوێندن بە زمانی زگماکی بە هەڕەشەی جیدی بۆ سەر زمانی فارسی دەزانن. "فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی" لەم ماوەیەدا زۆر بە توندی دژی ئەو بڕیارەی دەوڵەت هەڵوێستی گرت و بە ئاشکرا رایانگەیاند: نابێ رێگە بدرێ زمانی دیکە لەپاڵ زمانی فارسیدا بخوێندرێ، چونکە دەبێتە هۆی لەناوچوونی زمانی فارسی." بۆ قسەوباس و شرۆڤەکردن لەسەر ئەو بابەتە، بیروڕای دوکتور رەشید کرمانجمان وەرگرتووە. ناوبراو ئێستا لە باشووری کوردستان مامۆستای زانکۆیە و پێشتریش مامۆستای زمانی فارسی لە قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە.


ج. نەجاری: دەوڵەتی نوێی کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتی حەسەن روحانی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بەندی ۱۵ لە یاسای بنەڕەتی لە ئێران بەرێوە دەبا و دەبێ زمانی دایکی لە ناوچە جیاجیاکان لە قوتابخانەکان بخوێندرێ، ئەمە کاردانەوەی توندی "فەرهەنگستان زمان وئەدەبی فارسی" لێکەوتۆتەوە و بە مەترسی دەزانن بۆ سەر زمانی فارسی. ئێوە چۆنی لێکدەدەنەوە؟

د. رەشید کرمانج: زمانی فارسی ئه‌مڕۆ مەترسیی زۆر له سەره و چه‌ند ساڵه هاواریان لێ هه‌ستاوه که زمانی فارسی له مه‌ترسی فه‌وتان دایه. ئاگادارن که ئەم چەند ڕۆژه سپای پاسدارانیش هاته ناو ئه‌م گه‌مه‌یه و هه‌ڕه‌شه‌ی توندی له بێگانه‌په‌رستان کرد که زمانی فارسییان خستۆته ناو مه‌ترسی، سپا قۆڵی لێ هه‌ڵماڵیوه که پاسداریی زمانیش بکا. لەم چەند ساڵه‌ی دواییدا له ڕێگه‌ی ئینترنێت و سه‌ته‌لایته‌وه، وشه‌ی بێگانه به تایبه‌ت وشه‌ی ئینگلیزی به لێشاو هاتۆته ناو زمانی فارسی، نه ته‌نیا وشه به‌ڵکوو سینتاکسی زمانی فارسیش گۆڕاوه و که‌وتۆته ژێر مه‌ترسییەوە. جا بۆیه نایانهه‌وێ مه‌ترسییه‌کی دیکه‌ش زیادبێت.

به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که فه‌رهه‌نگستانی زمانی فارسی به مه‌ترسیی ده‌زانێت شتێکی‌تره. ئەوان زۆر باش ده‌زانن که زمان ڕه‌مزی شوناسی نه‌ته‌وه‌یه. له‌وه ده‌ترسن که خوێندن به زمانی زگماکی حه‌ولی ٩٠ ساڵه‌ی ئه‌وان بۆ تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌کان بکاته‌وه به خوری و نه‌ته‌وەخوازی جارێکی دیکه سه‌ر هه‌ڵداته‌وه و ئه‌وان بێنێته خوارێ. ده‌زانن به تایبه‌ت زمانی کوردی ده‌توانێ هێزی نووستووی نه‌ته‌وه خوازیی کورد ڕاپه‌ڕێنێ و ئه‌مه گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه بۆ سه‌ر فارس و زمانی فارسی.

ج. نەجاری: زمانی کوردی وەک زمانی بێگانە و ناوچەیی باسی لێوە کراوە، ئایا ئەمە بێریزیکردن بە نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان نییە؟

د. رەشید کرمانج: دیاره له به‌رامبه‌ر ناوه‌ندا ناوچه‌ییه و له به‌رامبه‌ر فارسیدا بێگانه‌یه. ئه‌گه‌ر باسی بێڕێزی بێت ئه‌مه یه‌که‌م جار نییه و دواجاریش نییه که بێڕێزی به کورد و زمانی کوردی ده‌که‌ن. دوژمنه و من هیچ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه نیم که ڕێز له زمانم بگرێت. گرینگ ئه‌وه‌یه خۆمان بێڕێزی نه‌که‌ین.

ج. نەجاری: دەبێ چ بکرێ بۆ ئەوەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بتوانێ بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێ، ئیوە چ رێگایەک پێشنیار دەکەن؟

د. رەشید کرمانج: تا ئه‌م حکوومه‌ته هه‌بێت هیچ هیوایێکم نییه که خزمه‌ت به زمانی کوردی و زمانه‌کانی دیکه بکا. ئه‌گه‌ر بیکات بۆ شێواندن و به‌لاڕێبردنی ده‌یکا. چه‌ن جاشی قەڵەم به‌ده‌ست دێنێ و ئیدیولۆژی گنخاوی خۆی به ده‌ستی ئه‌وان به زمانی کوردی ده‌نووسێت و خراپتری ده‌کا.

به بڕوای من ده‌بێت جارێ NGOی سه‌ربه‌خۆ هه‌بێت و ناوه‌ندێکی سه‌ره‌کی هه‌بێت که سه‌ربه‌خۆیانه و زانستییانه گه‌ڵاڵه داڕێژێت و ئه‌و ئێن جی ئۆیانە به‌ڕێوه‌ی به‌رن. دیاره ده‌بێت ته‌واوی دڵسۆزانی زمانی کوردی و حیزبه کوردییه‌کان پشتیوانی ئه‌م ئێن جی ئۆیانە بن. ده‌بێت واش کار بکرێ که زوو مۆری سیاسی له ناو چاوانیان نه‌ده‌ن و دایان نه‌خه‌ن.

ج. نەجاری: چۆن لە زمانی رەسمی دەڕوانن؟ ئایا تەنیا زمانی فارسی تایبەتمەندی ئەوەی هەیە کە وەک زمانی رەسمی بەکار بهێندرێ بۆ سەرجەم نەتەوەکان لە ئێران؟ ئایا ئەو تایبەتمەندییە زمانەکانی دیکە بۆ وێنە کوردی ناگرێتەوە؟

د. رەشید کرمانج: نا زمانی فارسی به زۆری ده‌سه‌ڵات بۆته ڕه‌سمی و ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات هه‌بێت زمانه‌کانی دیکه‌ش ده‌توانن ڕه‌سمی بن. له هێندووستان چونکێ ڕوانگه‌ی فاشیستییان بۆ زمان نییه ١٩ زمانی ڕه‌سمی هه‌یه و له سوئیس ٤ زمان هه‌یه. زمانی پرۆتۆڕومانی له سوئیس ڕه‌سمییه که ناگه‌نه ١ له سەتی ئه‌و وڵاته.

ج. نەجاری: چۆن لە داهاتووی زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڕوانن، ئایا زمانی کوردی رووبەرووی مەترسی دەبێتەوە یان ئەوەی خواستی گەل سەردەکەوێ و زمانی کوردی لە قوتابخانەکان دەخوێندرێ؟

د. رەشید کرمانج: ئه‌وه به ده‌ست ئێمه‌یه که ئێستا چی بکه‌ین بۆ مانه‌وه‌ی زمانی کوردی له ڕۆژهه‌ڵات. ئێستا سه‌ته‌لایت زۆره و ده‌توانن جێگه‌ی ئه‌م بۆشاییه پڕ بکه‌نه‌وه به شێوازێکی زانستی زمانی کوردی فێر بکه‌ن. دیسان ده‌یڵێم ئه‌گه‌ر حکومه‌ت دایبنێ به لاڕێیدا ده‌با و هه‌ر نه‌بێ باشتره. فێر کردنی که‌سێک که هیچ کوردی نازانێ زۆر ئاسانه و ٦ مانگ ناگرێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خراپ فێر کرابێت به چه‌ند ساڵ ئه‌و هه‌ڵانه ناسڕێنه‌وه.

به گشتی زۆر ڕه‌شبین نیم و ده‌بێت حه‌ول بده‌ین بۆ پاراستنی زمانی کوردی.

بیوگرافی رەشید کرمانج:
ڕه‌شیدی کرمانج له ساڵی ١٩٧١ له گوندی یاسیکه‌ند سه‌ر به شاری بۆکان له ناو بنه‌ماڵه‌ی فه‌یزوڵڵابه‌گی‌دا له دایک بووە. بنه‌ماڵەکەیان به تایبه‌ت عه‌زیزخان تۆوی کوردایه‌تی له بنه‌ماڵەکەیاند چاند و هه‌ر له منداڵییه‌وه خولیای کورد و کوردستان دەبێ. قۆناغی سه‌ره‌تایی له یاسیکه‌ند و بۆکان دەخوێنێ و له مه‌هاباد په‌روه‌رده‌ی مامۆستایان به پله یه‌که‌وه ته‌واو دەکا. له زانکۆی ورمێ له ناچارییدا زمان و ئەدەبی فارسی دەخوێنێ و به پله‌ی یه‌که‌وه ته‌واوی دەکا. بۆ ماسته‌ر دەچێتە زانکۆی میللی ئێران و بە پله‌ی مومتازه‌وه ته‌واوی دەکا. بۆ دوکتورا له ئێران به‌رگری لێدەکرێ و دەچێتە ڕووسیه و تاجیکستان. دکتورای فیلۆلۆژی له ئه‌و دوو وڵاته ته‌واو دەکا. ٢٥ ساڵ مامۆستای شاره‌کانی ڕۆژهه‌ڵات بووە. ئێستاش له زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان مامۆستایە.


تێبینی: ئەو بابەتە پێشتر لە سایتی nnsroj بڵاوکراوەتەوە.


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر