۱۳۹۶ خرداد ۲۳, سه‌شنبه

پرسی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان


رۆژی کورد
ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان، پرسێكی گەرمی ئێستای کوردستانی باشوورە و لایەنە سیاسییەكان جگە لە چەند لایەنێك، لەسەر ئەو پرسە تەواو كۆكن و ڕۆژەكەشیان دیاری كردووە.
لەم پرسە گەرمەی ئێستای باشوردا، ئەو درواسێ نزیكەكانی كوردستان كە ئەگەر بێت و ڕێفراندۆم بە كۆی دەنگ “بەڵێ” وەربگرێ، ناچارن لە گەل زۆر ڕاستی ڕوبەروو ببنەوە ئێران و توركیان کە ڕەنگە بە شێوەیەكی ڕەسمیش ھەڵوێستی خۆیان ئاشكرا نەكردبێ بەڵام لێر و لەوێ گوێبیستی ڕا و بۆچوونی كۆمەڵێك كەس دەبین كە دەڵێن كوا دوو دەوڵەتی دژە كورد بەئاسانی ڕێگە بەم پرسە دەددەن و ڕەنگە تا ڕادەیەكیش كێشەش دروست بكات، هەرچەند تورکیە ڕاپرسی بە هەڵە زانی و ئەمڕۆش ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، شەڕی بە دژی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و کورد بە گشتی، ڕاگەیاند و دەوڵەتی کوردی بە دەوڵەتی داعش و کوردستانی بە هێلانەی زەرگەتەی داعش ناو برد.

سەبارەت بە ھەڵوێستی ئێران دەربارەی پرسەكە ھەندێك دەلێن ئێران ناچارە مامەڵە لەگەڵ واقیعدا بكات و دەوڵەتی سەربەخۆی كورد و دراوسێی تازەی قەبووڵ بكات..لە لایەكی دیكەوە نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە ئێران، نازم دەباغ لە دیمانەیەكی لەگەڵ کەناڵی كوردستان 24، لەو بڕاویە دایە كە ئێران لە ئاست ئەم پرسەی كوردان دەوڵەتێكی نەرم دەبێ و دژایەتی ناكات …

شڤان شوانی
لەمبارەوە شڤان شوانی ماستەر لە بواری ئاسایشی جیھانی لە زانكۆی بریتانیا، پێی وایە دروست بوونی دەوڵەتی كوردی بە واتای پچرانی ھێڵی شیعەكانە و لەو بڕاویە دایە، ئەمە دەبێتە ھەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ لە سەر بەرژەوەندییەكانی ئێران لە سوریا و عێراق و ڕەنگە تا ڕادەیەكیش مەترسی بێت بۆ لایەنی ئەمنیی ناوخۆی ئێران بە ھۆی بوونی میلیۆنان كورد لەو وڵاتە ..
سەبارەت بە وتەكانی نازم دەباغ و ھەڵوێستی ئێران دەربارەی سەربەخۆیی كوردستان و ھاتنە دیی خەونی چەند ساڵەی كوردان، جەمال نەجاری ڕۆژنامەنوس لە وڵاتی فەڕانسە لە و بڕوایە دایە “دید و تێڕوانینی تەواو بەپرسانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان ڕوون و ئاشکرایە و ئەوان دژی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و خوازیارن عێراق بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، چونکە دەزانن دابەشبوونی عێراق و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان، کاریگەری لەسەر نەک هەر ئێران بەڵکوو هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت.


جەماڵ نەجاڕی
سەبارەت بەوەی کە نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران ڕایگەیاندووە ئێران دژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم نییە و نەرم دەبێت، ئەوە تەنیا قسەی سیاسییەکانە بۆ مێدیا، ئێران بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە کە ئێمە دەست لە کاروباری نێوخۆیی هیچ وڵاتێک وەرنادەین و بڕوامان بە دیموکراسی هەیە! هەموو ئەمانە قسە و باسی لاوەکیی سیاسییەکانی ئێرانە، کاتێ بۆ مێدیاکان دەدوێن و ڕوانگەی نازم دەباغیش هەر لەو قسە و باسانەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئێران نەیشاردۆتەوە کە دژی سەربەخۆیی باشووری کوردستانە، سێ ساڵ لەوە پێش کاتێ داعش مووسڵی گرت، قسە و باسی دابەشبوونی عێراق زۆر لە ئارادا بوو، باس لەوە دەکرێ کە ئێرانییەکان پەیوەندیی نهێنییان لەگەڵ داعش هەبووە و هانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەیان داوە پەلاماری کوردستان بدەن، بۆ لەباربردنی ئەو پرۆسەیە، ئێران لە هەر ڕێگەیەک بۆی بکرێ ڕێگری دەکا لە بەرێوەچوونی ڕیفراندۆم. پێویستە سەرکردایەتی سیاسیی کورد لە باشوور ئاگاداری پیلانە شوومەکانی تاران بێت و بە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە زووترین کاتدا ڕیفراندۆم بەرێوە ببەن و لە ئەگەری ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان لەو بەشە خۆی بۆ هەموو دژکردوەیەکی ئێران ئامادە بکات
ئەگەرچی بە بڕوای كەسانی سیاسی، مامەڵەی دیپلۆماسییانە دێتە ئاراوە بەڵام لە گەل ھەموو ئەمانەش بەشێكی زۆر خەلكی باشور كێشە و ململانێ سیاسیەكانیان لەگەڵ ھەستی نەتەوایەتیی خۆیان تێكەڵ كردووە، ڕەنگە تا ڕادەیەك ڕێگاكە ناخۆش بكات بۆ پرسەكە .
گەرچی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان بە باوەڕێكی ئاشتییانە ئەم پرسەی باس كردووە و ڕۆژی 25 /9 /2017 دەست نیشان كردووە بۆ ڕاپرسییەكە و نیازی خۆشیان بە ھەڕەشە بۆ سەر ولاتانی دراوسێ نابینن و ھەموو كات سیاسییانە و دیپلۆماتییانە ھەنگاویان ناوە، بەڵام لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕۆژەكە، ھەواڵنێری مێھری كۆماری ئیسلامی بابەتێكی بڵاو كردوەتەوە بە ناو “بنوسن وڵاتی كوردستان” بیخوێننەوە “وڵاتی داعش” و ڕاستەوخۆ ھێرش دەكاتە سەر دەوڵەتی كوردی و پرسەكە و بەمەش دەردەكەوێ نە تەنیا ئەم ولاتە نەرم ونیان نابێ ێە ناوچەكە بەرامبەر دەوڵەتی كوردی ڕەنگە ھەڵگیرسێنەری ئاژاوەش بێت و شەڕێكی ناوچەیی بە ناردن و پڕچەك كردنی گرووپە توندڕوەكانی وەك حەشدی شەعبی دروست بكات.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر